رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەرێمی براندنبێرگ لە ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێک لەگەڵ چوار ماتۆڕسکیلی بچووک، چوار گەنج و مێرمنداڵ کە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 19 ساڵدایە، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، لەسەر رێگەی سەرەکیی "200" لە نێوان ناوچەکانی بیزێنتال و بارنیم لە باکووری رۆژهەڵاتی بەرلین روویداوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە ئاشکرای کرد، ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکە (دەربازبوون)، چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە چوار ماتۆڕسکیلی بچووکدا کە لە ئاراستەی پێچەوانەوە دەهاتن.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، سێ شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان کە کوڕ بوون و تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 19 ساڵ بوو، لەگەڵ کچێکی تەمەن 14 ساڵ کە سەرنشینی یەکێک لە ماتۆڕسکیلەکان بوو، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا؛ هاوکات شۆفێری ماتۆڕسکیلی چوارەم توانیویەتی خۆی رزگار بکات و بێ زیان لێی دەرباز بێت.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە پیاوێکی تەمەن 61 ساڵە، بە سەختی بریندار بووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە؛ هاوکات بەهۆی پێکدادانەکەوە ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە.
گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی "dpa"ی ئەڵمانی راگەیاند: "رووداوەکە زۆر دڵتەزێن بوو و ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر قورس و ناخۆش بوو بۆ تەواوی تیمەکانی فریاگوزاری."
ناوچەی بارنیم دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی بەرلین و نزیکەی 40 خولەک لە سەنتەری پایتەختی ئەڵمانیاوە دوورە.



