رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، لە رووداوێکی تەقەکردنی بەکۆمەڵدا لە شاری ئێری لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، نۆ کەس کوژران کە منداڵیشیان لەنێودایە. رووداوەکە دوای ئەوە روویدا، چەکدارێک لە دەرەوەی ماڵێک دەستی بە تەقەکردن کردووە و دواتر چووەتە ژوورەوە.
شایەتحاڵەکان بە دەسەڵاتدارانیان راگەیاندووە، کەسێکی چەکداریان لە دەرەوەی ماڵەکە بینیوە پێش ئەوەی بچێتە ژوورەوە. کاتێک پۆلیس گەیشتە شوێنەکە، تەرمی دوو ژنیان لەسەر شەقامەکە دۆزییەوە.
هێزەکانی پۆلیس و تیمە تایبەتەکان گەمارۆی ماڵەکەیان داوە، دوای بیستنی دەنگی تەقەی زیاتر لە ناو ماڵەکەوە، هێزەکان چوونەتە ژوورەوە و حەوت تەرمی دیکەیان دۆزیوەتەوە، کە منداڵیشیان لەنێودابوو، لەگەڵ تەرمی هێرشکارەکە.
لێکۆڵەران پێیان وایە، هێرشکارەکە خۆی کوشتووە.
ریک لۆرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئێری گوتی: "لەم کاتەدا، دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە گومانلێکراوەکە مردووە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندان، هیچ مەترسییەکی بەردەوام لەسەر خەڵک نییە. دڵمان لای قوربانییان و خێزانەکانیان و هەموو ئەوانەیە کە بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە. هیچ وشەیەک ناتوانێت بەتەواوی گوزارشت لە گەورەیی ئەم کارەساتە بکات."
بەرپرسانی شارەکە رۆژی شەممە رایانگەیاند، هێشتا لێکۆڵینەوە لە بارودۆخەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئەم تاوانە، شارەوانیی ئێری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتڕاستی کردەوە، هێرشکارەکە کوژراوە و مەترسییەکە کۆتایی هاتووە و رووداوەکەی بە "کارەساتێکی ترسناک" باس کرد.
بەپێی ئامارەکانی ئەرشیڤی تووندوتیژیی چەک، ئەم رووداوەی ئێری بە لانیکەم 19ـمین کوشتنی بەکۆمەڵی ئەم ساڵ دادەنرێت (کوشتنی بەکۆمەڵ بە رووداوێک دەگوترێت کە 4 کەس یان زیاتر تێیدا بکوژرێن).
زۆربەی ئەم جۆرە رووداوانە لەو جۆرانەن کە پێیان دەگوترێت (لەناوبردنی خێزان)، کە تێیدا هێرشکارێک چەند ئەندامێکی نزیکی خێزانەکەی دەکوژێت.
هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم رووداوە لە ریزی زیاتر لە 500 تەقەکردنی بەکۆمەڵدایە کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە سەرتاسەری ئەمریکا روویانداوە.

