رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، کارلا برۆنیی هاوژینی و بەڕێوەبەری ئاژانسێکی وێنەگرانی ناوداران، ساڵی داهاتوو بە تۆمەتی پێدانی پارە بە شایەتحاڵان و گۆڕینی گوتەکانیان لە دۆسیەی پارەدارکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی 2007 دادگایی دەکرێن.
بە گوتەی سەرچاوەیەک بۆ میدیای فەرەنسا، دادگا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا سارکۆزی و برۆنی بە تۆمەتی "پیلانگێڕیی تاوانکاری بە مەبەستی فێڵکردن" و سوودوەرگرتن لە گۆڕینی گوتەی شایەتحاڵ دادگایی دەکات. هاوکات میمی مارشاند، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، بە تۆمەتی پیلانگێڕی و دەستکاریکردنی گوتەی شایەتحاڵان دادگایی دەکرێت.
تاوەکو ئێستا پارێزەرانی تۆمەتبارەکان هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بڕیارە نەداوە. لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکانیشدا، رووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبنەوە، کە رەنگە بگاتە 10 ساڵ و پێبژاردنی بڕی 150 هەزار یۆرۆ.
چیرۆکی شایەتحاڵەکە و پاشگەزبوونەوەی
سەرەتای ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ بانگەشەکانی بازرگانێکی فەرەنسی- لوبنانی بە ناوی زیاد تەقیەدین، کە یەکێک بوو لە سەرەکیترین گەواهیدەرانی دژ بە سارکۆزی و ساڵی رابردوو لە لوبنان کۆچی دوایی کرد. تەقیەدین لە 2016ـدا رایگەیاندبوو کە لە ساڵانی 2006 و 2007ـدا هاوکاریی گەیاندنی بڕی پێنج ملیۆن یۆرۆ (شەش ملیۆن دۆلار)ـی بە شێوەی کاش لە موعەممەر قەزافی، سەرۆکی پێشووتری لیبیاوە بۆ سارکۆزی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی کردووە.
بەڵام لە تشرینی دووەمی 2020ـدا، تەقیەدین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرەنسا لەناکاو لە قسەکانی پاشگەزبووەوە، هەرچەندە دواتر گەڕایەوە سەر تۆمەتەکانی پێشووی.
ئەم پاشگەزبوونەوەیە بووە هۆی ئەوەی تۆمەتی ئەوە ئاراستەی سارکۆزی و هاوژینەکەی بکرێت، کە پەنایان بۆ میمی مارشاند، ناسراو بە "شاژنی پاپارازی"، بردووە بۆ ئەوەی پارە بدەنە شایەتحاڵەکە تاوەکو قسەکانی بگۆڕێت، هەرچەندە ئەوان هەمیشە ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.
پێشینەی سزاکانی سارکۆزی و قەبارەی ئابڕووچوونەکە
سارکۆزی کە لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2012 سەرۆکی فەرەنسا بوو، لەوەتەی پۆستەکەی جێهێشتووە رووبەڕووی چەندین کێشەی یاسایی بووەتەوە. ساڵی رابردوو بووە یەکەم سەرۆکی پێشووی فەرەنسا کە بچێتە زیندانەوە، بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی نایاسایی لە قەزافی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی، لە بەرامبەر هاوکاریکردنی بۆ باشکردنەوەی وێنەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. دوای 20 رۆژ مانەوە لە زیندان و تاوەکو یەکلاییبوونەوەی تانەکەی ئازادکرا، بڕیاریشە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دادگای پێداچوونەوە بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە بدات.
جگە لەم دۆسیەیە، پێشتر سارکۆزی لە دوو دۆسیەی دیکەدا سزای یەکلاکەرەوەی بەسەردا سەپێنراوە؛ یەکەمیان پەیوەست بوو بە خەرجکردنی پارەی زیادە لە هەڵمەتی شکستخواردووی هەڵبژاردنەوەی لە 2012 و دووەمیشیان بەهۆی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی نهێنی لە دادوەرێک. هەروەها میمی مارشاند ساڵی رابردوو سزای 18 مانگ زیندانیکردنی راگیراوی بەسەردا سەپێنرا بەهۆی هەوڵدان بۆ ناچارکردنی پێشکێشکارێکی تەلەفزیۆنی بە پێدانی پارە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنەی کچەکەی.
دۆسیەی وەرگرتنی پارەی نایاسایی لە لیبیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی 2007، بە یەکێک لە گەورەترین ئابڕووچوونە سیاسی و داراییەکانی مێژووی هاوچەرخی فەرەنسا دادەنرێت، کە زیاتر لە دەیەیەکە بەرۆکی سارکۆزی گرتووە؛ لێکۆڵینەوەکانیش تەنیا لە دەوری گواستنەوەی ملیۆنان یۆرۆ نەوەستاون، بەڵکو لقی دیکەیان لێبووەتەوە، لەوانە پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری و هەوڵدان بۆ شێواندنی رێڕەوی دادپەروەری لە رێگەی کاریگەری دروستکردن لەسەر شایەتحاڵە سەرەکییەکان.



