رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوودڵە لەوەی گوللـەبارانکردنی نیزال حەسەن، ئەو ئەفسەرەی لە ساڵی 2009ـدا 13 کەسی لە بنکەی فۆرت هوود کوشت، بە شێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵک پەخش بکرێت.
ئەم بیرۆکەیە لە لایەن پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە پێشنیاز کرابوو بەو مەبەستەی ببێتە پەندێک بۆ ئەوانەی بیر لە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی دەکەنەوە، بەڵام رووبەڕووی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی بووەوە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێس و راوێژکارانی کۆشکی سپی.
راپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیدا گوتوویەتی، رەنگە پەخشی راستەوخۆکە نەکرێت، چونکە حەزی پێ ناکات و بە تەلەفۆن راوێژ بە کەسانی دەوروبەری دەکات.
هۆشداریی راوێژکاران و هەڵوێستی جەی دی ڤانس
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش گومانی لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربڕیوە و گوتوویەتی ئەگەر پەخشیش بکرێت، سەیری ناکات. هاوکات راوێژکارانی ترەمپ هۆشدارییان داوە لەوەی پەخشکردنی گوللـەبارانکردنی پیاوێکی 56 ساڵەی کەمئەندام، لەوانەیە لەبری سزادان بیکاتە "پاڵەوان و شەهید" لە چاوی هەندێ کەسدا.
نیگەرانییەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
هەروەها مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نیگەرانی و دوودڵیی خۆی لە پلانی سوپای وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەخشی راستەوخۆی سزاکە.
یاسادانەرە کۆمارییەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی CBS Newsی ئەمریکی هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە و گوتی: "نیگەرانییەکە لەوەدایە کە بەم کارە ڤیدیۆیەک دروست دەکەیت ببێتە ئامرازێکی چەکدارکردن و راکێشانی گەنجان بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی داهاتوو؛ پێویستە بە وردی بیر لە لێکەوتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم بڕیارە بکەینەوە."
وادەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکە
نیزال حەسەن لە 3ی کانوونی یەکەم بە گوللـەبارانکردن سزای مەرگی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و ئەم بڕیارە ناگۆڕێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر پەخشکردن یان پەخشنەکردنی لە دەستی ترەمپ خۆیدایە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە تەنیا کەسوکاری ئەو سەربازانە ئامادەی دەبن کە لەسەر دەستی تاوانبارەکە کوژرابوون.

