رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هیندستان رۆژی سێشەممە سەرکردەکانی بزووتنەوەی گەنجانی وڵاتەکەی، ناسراو بە پارتی (سیسرک)، لە نیودەلهی پایتەخت دەستگیرکرد.
ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە، لایەنگرانی پارتی (سیسرک) رۆژانە خۆپێشاندان دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی گیانیش کومار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەن. ئەوان دەڵێن کۆمیسیۆن بە مەبەست ناوی زیاتر لە 130 ملیۆن دەنگدەری سڕیوەتەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و پارتەکەی بکات.
سەرەڕای ئەوەی پۆلیس گردبوونەوەی لە شوێنی مێژوویی (جانتار مانتار) لە نیودەلهی قەدەخە کردبوو، نزیکەی 20 سەرکردە و ئەندامی بزووتنەوەکە ئاڵای وڵاتیان هەڵگرت و چوونە نێو گۆڕەپانەکە، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
هاوکات لە چەند ناوچەیەکی دیکەی پایتەخت و شاری پاتنا خۆپێشاندان کرا و دەیان خوێندکار دەستبەسەر کران، نزیکەی 150 رۆژنامەڤانیش دژی دەستگیرکردنی پەیامنێران لە نیودەلهی چوونە سەر شەقام.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و پارتی دەسەڵاتدار سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، سڕینەوەی ناوەکان تەنیا بۆ پاککردنەوەی تۆمارەکانە لە ناوی مردووان و ئەوانەی شوێنیان گۆڕیوە.
لە ئایاری 2026، سوریا کانت، دادوەری باڵای هیندستان لە دانیشتنێکی دادگادا لەبارەی بێکاری و ناڕەزایەتییەکان رەخنەی لەو گەنجانە گرت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکان و گوتی: "ئەم گەنجە بێکارانە وەک سیسرک وان، نە کاریان دەستدەکەوێت و نە جێگەیان لە هیچ پیشەیەکدا هەیە، بوونەتە رۆژنامەڤان و چالاکڤان و هێرش دەکەنە سەر هەموو کەس."
رۆژێک دوای لێدوانەکەی دادوەر، گەنجێک بە ناوی ئەبهیجێت دیپکێ، کە دەرچووی زانکۆی بۆستنی ئەمریکایە و لە بواری پەیوەندییە سیاسییەکان کاری کردووە، هەژمارێکی تەنزئامێزی بە ناوی (پارتی سیسرک) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و ئینستاگرام دروستکرد.
لە چەند رۆژێکدا هەژمارەکە ملیۆنان فۆڵۆوەرزی کۆکردەوە و دروشمی (دەنگی بێکاران و فەرامۆشکراوان)ـی بەرزکردەوە و لە تەنزەوە گۆڕدرا بۆ سەکۆیەک کە رەخنەی تووند لە گەندەڵی، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، کەمیی هەلی کار و دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان دەگرێ.
بزووتنەوەکە بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان رژاونەتە سەر شەقام و راستەوخۆ دەستی بۆ پرسی هەڵبژاردن و سڕینەوەی ناوی 130 ملیۆن دەنگدەر بردووە، بەمەش بووەتە یەکێک لە سەرئێشە هەرە گەورەکان بۆ سەرۆکوەزیران مۆدی لە 12 ساڵی دەسەڵاتیدا.



