رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری تووند دەداتە تاران و دەڵێ، هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی بەریتانیا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەڕێگەی تۆڕە تاوانکارییەکان و ئەو گرووپانەی لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، شتێکی قبووڵنەکراوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە، چەندین جار بە تاران گوتراوە، بەریتانیا هەرگیز لە هەڕەشە سەر خاکەکەی خۆی خۆش نابێت و سازش ناکات. لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ فەرمانی داوە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە بکرێ بۆ ئەوەی بە تەواوی پەیامەکە بگەیەنرێتە دەستی.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەهۆی تێوەگلانیان لە کار و چالاکییە "دووژمنکارییەکان" لە بەرژەوەندیی ئێران، سزا بەسەر دوو هاووڵاتیی ئێرانی سەپێنراوە، بەهۆی ئەوەی رۆڵیان هەبووە لە ئاسانکاریکردن یان تێوەگلان لەو هەڕەشە و پیلانگێڕییانەی دژی ئاسایشی دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون.
وەزارەتی بەریتانیا جەخت دەکاتەوە کە هەرگیز لە بەرەنگاربوونەوەی رەفتارە قبووڵنەکراوەکانی ئێران و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی پاشگەز نابێتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتر سوپای پاسدارانی ئێرانیان بەگوێرەی دەسەڵاتە نوێیەکان خستووەتە لیستی رەشەوە و سزای تووندیشیان بەسەر بەرپرسانی باڵای کایە جیاوازەکانی ئێراندا سەپاندووە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی بەریتانیا گوتی، شکستهێنان بە هەوڵێکی هێرشکردن بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی وڵاتەکەی کە لەلایەن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرا، نیشانەی "گۆڕانکارییەکی گەورەیە" لە پلان و ستراتیژی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازی و هەواڵگرییەکان.
کێن مەکالۆم، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگرى ناوخۆیی بەریتانیا لە بنکەى سەرەکی دەزگاکە لە لەندەن رایگەیاند، پیلانی مانگی رابردوو بۆسەر بنکەی ئاسمانیی شاهانەی (فێیەرفۆرد) بەشێک بوو لە هەوڵێکی فراوانتری تاران بۆ بەئامانجگرتنی ئەو پێگانەى دەستڕاگەیشتن پێیان ئاسان نییە.
سەرۆکی هەواڵگریی ناوخۆیی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر ئێران لە رێگەی گرووپی تاوانکاری و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە هێرشی بچووکی دژی جووەکان لە ئەورووپا رێکدەخست، بەڵام ئێستا هەوڵەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان بەرزکردووەتەوە، هەرچەندە توانای جێبەجێکردنی هێرشی ئاڵۆزی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لاوازە.
لە 27ـی ئەیلوول، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا دەستى بەسەر سێ پاسی بچووکی لە نزیک بەربەستی دەرەوەی بنکەی ئاسمانیی (فێیەرفۆرد) لە گڵۆستێرشێر داگرت، پێش ئەوەی بتوانن بچنە نێو بنکەکە. لە کاتی پشکنیندا دەرکەوت چەند بەرمیلێک بەنزینیان هەڵگرتووە.
حەوت گومانلێکراو کە لە شوێنی رووداوەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون دەستگیرکران، لەنێویاندا دوو هاووڵاتیی ئێرانی و پێنج هاووڵاتیی بەریتانی. ئەگەرچى هیچ جۆرە تەقەمەنییەک لە پاسەکاندا نەدۆزرایەوە، هەواڵگری بەریتانیا وەک ئەم رووداوەى وەک هەوڵێکى تێکدارانەى ئێران لێکدایەوە.
بەپێی ئامارەکانی هەواڵگرى بەریتانیا، لە 12 مانگی رابردوودا زیاتر لە 50 کەس لە بەریتانیا لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی ئێران دەستگیرکراون، لە کاتێکدا تاران بەردەوام هەر جۆرە دەستوەردانێک لە خاکی بەریتانیا رەتدەکاتەوە.



