رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) وەڵامی تووندی لێدوانەکانی نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی دەداتەوە و ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەراسانکردنی کەشتیوانان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەکەن؛ دەشڵێت، تاران تەنیا سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر هاتووچۆی دەریاوانی لە کەنداو.
ئەم روونکردنەوەیەی سێنتکۆم دوای ئەوە هات کە عەلی موسەوی، باڵیۆزی ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی رایگەیاندبوو، سوپای ئەمریکا "زمانی هەڕەشەئامێز، سووکایەتیکردن و دنەدان" بەرامبەر دەریاوانانی مەدەنی بەکاردەهێنێت و ئەمەش گوشاری دەروونیی تووندی لەسەر ستافی کەشتییەکان دروستکردووە.
لە بەرامبەردا، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئەو بانگەشانەی بە "هەڵە و ناڕاست" وەسفکرد و گوتی: "گەمارۆیەکی دەریایی زۆر سەرکەوتووی ئەمریکا چەندین مانگە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە و هەموو پەیوەندی و رێکارەکانی ئێمە بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵ بەڕێوەدەچن. تەنیا وڵاتێکیش کە هێرش دەکاتە سەر دەریاوانە مەدەنییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ئاوەکانی ناوچەکەدا، خودی ئێرانە."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای هێرشە نایاساییەکانی ئێران، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا بەردەوامە و نەوەستاوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئەرک و پارێزگارییەی کە لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکاندا هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریایی.
دوای ئەوەی لە 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، تاران لە 2ی ئاداردا هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی کرد بەرامبەر هەر کەشتییەک کە رەزامەندیی ئەوانی نەبێت.
لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزیشەوە، سوپای ئەمریکا گەمارۆیەکی چڕی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرە سەرەکییەکانی ئێران و رایدەگەیێنێت کە رێگری لە چوون و هاتنی کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکانی تاران کردووە.



