رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڵاویکردەوە، ژن و پیاوێکی بەنگلادیشی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی مەککەدا کاری سێکسیان کردووە و دوای دادگەییکردنیان، بە لەسێدارەدان سزادران.
رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە راگەیێندراوێێکدا بڵاویکردەوە، "هەریەک لە نەزرولئیسلام عەبدولبەسیڕ و ژنێک بە ناوی سیتی ئەکتەر کە هەردووکیان هەڵگری وڵاتینامەی بەنگلادیشین کردەوەیەکی ناشرینیان لە ناو یەکێک لە مزگەوتەکانی پایتەختی پیرۆزدا ئەنجامداوە".
وەزارەتەکە دەشڵێت، "سزای لەسێدارەدان بەسەر هەردووکیاندا لە ناوچەی مەککەی پیرۆز جێبەجێکرا".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی ناوخۆی سعودیەدا هاتووە، رێگری لە دووبارە بوونەوەی هەر کارێکی لەو جۆرەی ئەو دوو هاووڵاتییە بەنگلادیشییە لە مەککە دەکەن.
یاساکانی شانشینی عەرەبستانی سعودی کە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامیی سوننە و مەزهەبی حەنبەلی پەیڕەو دەکرێن سیستمێکی تایبەتیان بۆ سزادان هەیە.
سزای لەسێدارەدان لە سعودیە بۆ هەموو دۆخێک نییە؛ بەڵکو کاتێک تاوانەکە لە نێو مزگەوت و لە سنووری مەککەدا دەکرێت، دادگاکانی سعودیە لە چوارچێوەی "سووکایەتی بە پیرۆزییەکان" و "تێکدانی ئاسایشی ئایینی و فەساد" تەماشای دەکەن و لەو دۆخەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن.



