رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکساندەر دی کرۆ، سەرۆکی پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) هۆشداریی دا کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، گۆڕانە سەختەکانی کەشوهەوا (لەوانەش دیاردەی ئێل نینیۆ) و بەرزبوونەوەی سوودی بانکی، ئەگەری هەیە بە ملیۆنان کەس لە جیهاندا بکەونە نێو هەژارییەوە، چونکە وڵاتان فریا ناکەون لە قەیرانێک دەربچن یەکسەر قەیرانێکی نوێ یەخەیان دەگرێت.
کێشە سەرەکییەکان چین؟
دی کرۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی لە بانکۆک گوتی: "خراپیی دۆخەکە وەک ئەوە وایە کە ناچار بیت سەربانی ماڵەکەت چاکبکەیتەوە، لە کاتێکدا ماڵەکەشت ئاگری تێبەربووە. وڵاتانی هەژار کاتیان نەبووە قەرەبووی زیانەکانی پێشوویان بکەنەوە، کەچی قەیرانی نوێ بەرۆکی گرتوون... هەندێک وڵات ماڵی گەرموگوڕ و پارەیان لە بانکدا هەیە، بەڵام هەندێکی دیکە ماڵەکانیان بێ سەربانە و هیچ پارەیەکیشیان لە بانکدا نییە."
سەرۆکی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیش هۆشداریی دا کە "زستان بەڕێوەیە"، واتە کارەساتێکی گەورەی ئابووری لە پێشە ئەگەر جیهان خۆی بۆ ئامادە نەکات.
مەترسییەکە چەند گەورەیە؟
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە ئەگەر حکومەتەکان نەتوانن نرخی خۆراک و سووتەمەنی کۆنترۆڵ بکەن، ئەوا لەمساڵدا نزیکەی 130 ملیۆن کەس مەترسیی کەوتنە نێو هەژارییان لەسەرە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیا.
بۆچی چارەسەر سەختە؟
بەهۆی ئەوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان پارەیەکی زۆریان خستووەتە نێو پرۆژەکانی ژیریی دەستکردەوە و سوودی بانکییان بەرزکردووەتەوە، وڵاتە هەژارەکان ناتوانن بە ئاسانی قەرز وەربگرن. ئێستا وڵاتە هەژارەکان دەبێت نزیکەی 10%ـی داهاتیان تەنیا بدەنەوە بە سوودی ئەو قەرزانەی وەریانگرتووە، کە ئەمەش سێ هێندەی ئەو باجەیە کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دەیدەن.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا کە کێشەی گەورەتر بەڕێوەیە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی 2027دا خراپترین دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینیۆ رووبدات، کە لافاو، وشکەساڵی و کارەساتی سروشتیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.


