رووداو دیجیتاڵ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، 15 وڵاتی نوێی بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ هەڵبژارد، بەڵام پرۆسەکە رووبەڕووی رەخنە بووەوە، چونکە هیچ رکابەرییەک لەنێوان بەربژێرەکاندا نەبوو و هەندێک لەو وڵاتانەی هەڵبژێردران، تۆمەتبارن بە پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ. رۆژی سێشەممە، لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا هەموو وڵاتان لەڕووی دەنگەوە یەکسانن و ڤیتۆ بوونی نییە، هەڵبژاردنێک بۆ دیاریکردنی 15 ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچوو. بەڵام ژمارەی بەربژێرەکان رێک هێندەی ژمارەی کورسییە بەتاڵەکان بوو، ئەمەش پرسیاری لەبارەی متمانەپێکراویی ئەنجوومەنەکە دروست کردووە. ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی نەبوونی رکابەری لە هەڵبژاردنەکەدا، رایگەیاند: "چۆنیەتیی رێکخستنی هەڵبژاردنەکان پەیوەندیی بە وڵاتانی ئەندامەوە هەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە هەمیشە گوتوومانە ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی بۆ بەرزترین دەزگای مافی مرۆڤی ئەم رێکخراوە هەڵدەبژێردرێن، بەرپرسیارێتییەکی زیاتریان لەسەرە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، نەک تەنیا لە وڵاتی خۆیاندا، بەڵکو دەبێت لە ئاستی جیهانیشدا بەرگریکاری بەهێزی مافی مرۆڤ بن." مێلیسا سەمەرز، گوتەبێژی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی رووداودا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە داوا لە وڵاتان دەکات لەکاتی دەنگداندا رەچاوی دۆخی مافی مرۆڤی بەربژێرەکان بکەن، بەڵام گوتی: "ئەمە پرسێکە دەبێت ئاراستەی وڵاتانی ئەندامی بکەن و لێیان بپرسن بۆچی ئەم بەربژێرانەیان هەڵبژارد. سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی سەرپەرشتیی پرۆسەکەی کرد و بەدڵی بوو." ئەو 15 وڵاتەی هەڵبژێردران و لە سەرەتای ساڵی 2027ەوە دەستبەکار دەبن، بریتین لە: ئەفریقا: بوروندی، غانا، نەیجیریا، زامبیا ئاسیا و زەریای هێمن: ژاپۆن، ئوردن، کوەیت، نیپاڵ ئەوروپای رۆژهەڵات: مۆڵدۆڤا، ئۆکراینا ئەمریکای لاتین و کاریبی: بەڕازیل، کۆماری دۆمینیکان، ئوروگوای ئەوروپای رۆژئاوا و وڵاتانی دیکە: ئەڵمانیا، ئێرلەندا لە 1ی کانوونی دووەمی 2027ەوە، ئەنجوومەنە 47 ئەندامییەکە وڵاتانی وەک بوروندی، میسر و ڤیێتنام لەخۆ دەگرێت، کە رێکخراوی "فریدەم هاوس" بەهۆی پێشێلکاریی زۆری ماف و ئازادییەکانەوە بە "نائازاد" پۆلێنی کردوون.
جیهان15-10-2026کتێبێکی نوێ لە زانکۆکانی رووسیا: مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کورد و دیپلۆماسییەتی بارزانی