رووداو دیجیتاڵ
پارتی دەسەڵاتداری ئازەربایجان بە تووندی بەرگری لە بڕیاری قەدەخەکردنی ناڕاستەوخۆی سەرپۆش لە قوتابخانەکاندا دەکات و لە پەیامێکدا وەڵامی تورکیای هاوپەیمانی دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیاندا نادەن.
پارتی فەرمانڕەوای ئازەربایجان (یەنی ئازەربایجان) کە سەرۆککۆمار ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکایەتیی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "درووشمی مێژوویی 'یەک نەتەوە لە دوو دەوڵەتدا'، رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادات دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەوی دیکەدا بکات، یاخود بیروباوەڕ و ئەجێندای سیاسیی خۆی بەسەردا بسەپێنێت."
باکۆ وەبیری ئەنقەرەی هێنایەوە کە تورکیاش بەپێی دەستوورەکەی دەوڵەتێکی عەلمانییە، بۆیە "نابێت قوتابخانە و کەرتی پەروەردەی ئازەربایجان بۆ مەرامی سیاسی و کێشمەکێش بەکاربهێنرێن."
مانگی رابردوو، وەزارەتی پەروەردەی ئازەربایجان رێنمایی نوێی بۆ جلوبەرگی قوتابخانەکان دەرکرد و پۆشینی هەر جلێکی کە لەگەڵ سیستەمی پەروەردەی مەدەنی و عەلمانیدا نەگونجێت، قەدەخە کرد. هەرچەندە راستەوخۆ ناوی حیجاب نەهێنراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان رێگرییان لە چوونەژوورەوەی کچانی باڵاپۆش و مامۆستایان کرد.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی لە شەقامەکانی باکۆ لێکەوتەوە و بەهۆی دروستبوونی پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، 37 کەس دەستگیرکران.
لە بەرامبەر بڕیارەکەی باکۆدا، ئۆکتای سارال، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا و چەند پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی هێرشی تووندیان کردە سەر ئازەربایجان. سارال لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "رێگریکردن لە خوێندنی کچانی سەرپۆش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. سەرپۆش کۆسپ نییە، بەڵکو فەرمانی باوەڕە و چاوەڕێین ئازەربایجان دەستبەجێ ئەم هەڵەیە راست بکاتەوە."
جگە لە پرسی حیجاب، گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندیی بە دۆسیەی ئیسرائیلیشەوە هەیە؛ لە کاتێکدا ئەنقەرە بە تووندی هێرش دەکاتە سەر تەلئەڤیڤ، ئازەربایجان خاوەنی هاوبەشییەکی بەهێزی سەربازی، نەوتی و هەواڵگرییە لەگەڵ ئیسرائیل. بەرپرسانی باکۆش جەخت دەکەنەوە کە بە هیچ جۆرێک لە بڕیاری یەکپۆشی پاشگەز نابنەوە و سیستمەکەیان بە سڤیلی دەمێنێتەوە.



