رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکی نوێی ئەکادیمی و دیپلۆماسیدا، کتێبێکی نوێ بە ناوی (مێژووی دیپلۆماسیی کوردستان) کە لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئیقبال دوورە، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە مۆسکۆ نووسراوە، بە فەرمی خرایە نێو پڕۆگرامی خوێندنی زانکۆ حکومییەکانی رووسیا.
ئەم کتێبە، کە بۆ یەکەمجارە تێزێکی تایبەت بە دۆزی نەتەوەیی و دیپلۆماسیی کورد لەسەر ئاستی دەوڵەتی لە رووسیا پەسند دەکرێت، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ خەباتی سیاسیی کورد لە سەدەی 16ـەوە تاوەکو سەردەمی هاوچەرخ دەکات.
لە نێو هەموو وێستگە مێژووییەکانیشدا، رۆڵ و ئەزموونی مەلا مستەفا بارزانی وەک درەوشاوەترین و کاریگەرترین قۆناخــی دیپلۆماسیی کوردی لە سەدەی 20ـەمدا تۆمار دەکات.
مەلا مستەفا بارزانی و مۆسکۆ؛ وەرچەرخانی مێژوویی
دکتۆر ئیقبال دوورە، لەوبارەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و جەختی لەوە کردەوە قۆناخی مانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و جووڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ، "پێگە و شوێنێکی تایبەتیی لە مێژوودا هەیە."
بارزانی لەو قۆناخــەدا تەنیا وەک فەرماندەیەکی مەیدانی نەجووڵایەوە، بەڵکو توانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەربازکردنی پرسی کورد لە گۆشەگیری بەکاربهێنێت.
بە بڕوای دکتۆر دوورە، ئەزموونی دیپلۆماسیی مەلا مستەفا بارزانی نیشانی دا کە جووڵەی دیپلۆماسیی زیرەکانە لە سەردەمی جەنگی سارددا چۆن دەتوانێت هێز بە شۆڕش و دۆزێکی رەوا ببەخشێت؛ هەر بۆیە ئەم ئەزموونە تەنیا مێژوویەکی دەربازبوو نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی فێربوونە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆی کورد.
گرنگی و تایبەتمەندیی ئەکادیمیی کتێبەکە
ئەم توێژینەوەیە لە چەند روویەکەوە گرنگییەکی بێوێنەی هەیە؛ پێشەکییەکەی لەلایەن راوێژکاری پلەیەکی دیپلۆماسیی فەرمیی رووسیاوە نووسراوە و لەلایەن وەشانخانەیەکی حکومییەوە چاپ کراوە. هەروەها بڕیار دراوە وەک کتێبی پرۆگرام لە زانکۆکانی رووسیا بخوێندرێت.
نووسەر جەخت دەکاتەوە کە بەهێزبوونی پێگەی کورد لە ساڵانی دواییدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرکەوتنی کورد، وای کردووە ناوەندە زانستییەکانی جیهان ناچار بن لە ڕەگ و ریشەی مێژوویی ئەم گەلە و تواناکانی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا بکۆڵنەوە.
رێڕۆی دیپلۆماسیی کورد بەپێی کتێبەکە:
1. قۆناخــی سەرەتا (سەدەی 16) : دەستپێکردن بە کتێبی (شەرەفنامە)ی شەرەفخانی بەدلیسی، وەک یەکەمین بەڵگەنامەی مێژوویی کە هونەری دانوستاندنــکاریی کورد لەو سەردەمەدا نیشان دەدات.
2. سەدەی 19 و 20 (جەنگە جیهانییەکان) : لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی نەگەیشتنی کورد بە دەوڵەت، سەرەڕای ئامادەییان لە پەیماننامەی سێڤردا، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوسەنگیی هێز لەسەر زەمین و هەڵەی تاکتیکی، نەیانتوانی بگەنە ئامانجەکان.
3. قۆناخــی هاوچەرخ (جەنگی کەنداو و ئەزموونی رۆژئاوا): نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە دوای جەنگی کەنداو (1991)، دیپلۆماسیی کوردی لە باشوور توانی دەستکەوتی بەرچاو مسۆگەر بکات، و لە ساڵانی دواییشدا ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان سەلماندی کە بەبێ پاراستنی پەیوەندیی فرەلایەنەی دیپلۆماسی، پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا مەحاڵە.
هاوکێشەی "هێز و یەکڕیزی"
یەکێک لە قووڵترین سەرنجەکانی دکتۆر دوورە، خستنەڕووی ئەو دژبەرییە مێژووییەیە کە لەلایەن لایەنەکانەوە بەردەوام زیانی بە دۆزی کورد گەیاندووە: "کاتێک کورد لاواز و بێدەسەڵات دەبن، یەکێتی و تەباییان بیر دەکەوێتەوە؛ بەڵام هەر کاتێک کەمێک بەهێز دەبن، دەستبەجێ یەکێتی لەبیر دەکەن!"
ئەو دەڵێت:
* دیپلۆماسی بەبێ هێزی ناوخۆیی هیچ نییە؛ هاوئاهەنگیــی ناوخۆیی رەنگدانەوەی راستەوخۆی هێزی دیپلۆماسییە لە دەرەوە.
* هەر کاتێک کورد یەکدەنگ و بەهێز بووبێت، دیپلۆماسییەتەکەی لە دەرەوە سەنگین و بەبڕشت بووە.
دەرەنجام؛ دیپلۆماسیی نوێ لە سەردەمی دیجیتاڵیدا
پڕۆفیسۆر ئیقبال دوورە داوا دەکات ئەم کتێبە بۆ زمانەکانی کوردی (کرمانجی و سۆرانی)، تورکی و ئینگلیزی وەربگێڕدرێت تاوەکو گەنجانی کورد سوودی لێ ببینن.
پەیامی کۆتایی ئەوەیە کە جیهانی ئەمڕۆ تەنیا دیپلۆماسییەتی کۆن ناناسێت، بەڵکو پێویستە نەوەی نوێی کورد سوود لە دیپلۆماسیی گشتی و میدیا و ئینتەرنێت ببینن. "بەڵام هەموو ئەم ئامرازە نوێیانە سەرکەوتوو نابن، مەگەر ئەو کاتەی کورد بتوانێت وانە لە قۆناخــە پڕشانازییەکانی مێژووی خۆی - بەتایبەت سەردەمی زێڕینی دیپلۆماسییەتی مەلا مستەفا بارزانی و گەشتە مێژووییەکەی بۆ مۆسکۆ - وەربگرێت و یەکڕیزیی ناوخۆیی بکاتە پشتیوانی هەرە بەهێزی دەنگی خۆی لە لووتکەی کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا، چونکە چیدیکە بێ دەنگ نەبێت، دەتوانێت مێژوو بنووسێتەوە."


