رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسێدارەدانی نیدال حەسەن، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەمریکا، بە شێوەی راستەوخۆ لە میدیا ناگوازرێتەوە، بەڵام سزاکەی وەک دیاریکراوە، بە دەستڕێژی گولـلە جێبەجێ دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیال بڵاویکردەوە، نیدال حەسەن، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەمریکا کە ناپاکیی کردووە، 13 کەسی کوشتووە کە لەنێویاندا سەربازێکی دووگیان و کۆرپەکەی بوون، هاوکات 32 کەسی بێتاوانی دیکەشی بە سەختی بریندار کردووە.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا رەخنەی لە ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و باسی لەوە کرد "نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە سەردەمی ئۆبامادا چاودێریی پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکانی نێوان نیدال حەسەن و ئەنوەر عەولەقی، گوتاربێژی تووندڕۆی یەمەنی-ئەمریکی کردبوو، بەڵام تیمەکانی نووسینگەکە گەیشتبوونە ئەو ئەنجامەی ئیمەیڵەکانی حەسەن مەترسیدار نین، ئەوەش دواتر وەک شکستێکی گەورەی هەواڵگریی ئیدارەی ئۆباما هەژمارکرا".
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی سزاکە، ترەمپ رایگەیاند کە "پەخشی راستەوخۆی لەسێدارەدانەکە دەیتوانی ببێتە هۆکارێکی بەهێزی بەرپەرچدانەوە بۆ ئەوەی جیهان ببینێت ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ تیرۆریستان دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر کەس نایانەوێت مردنی ئەو لە رێگەی پەخشی راستەوخۆ یان هەر ئامرازێکی بینراوەوە ببینن، سزاکە پەخش ناکرێت".
هەفتەی رابردوو، پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، گولـلەباران کردنی نیدال بە شێوەی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بەڵام ئەمە نیگەرانی و ناڕەزایەتی نێوخۆیی، لەنێو کۆماری و دیموکراتەکان و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە نیدال حەسەن "بەپێی کاتی دیاریکراو بە دەستڕێژی گولـلە دەکوژرێت، بەڵام تەنیا کەسوکاری پلە یەکی قوربانییەکان، ئەگەر خۆیان بییانەوێت، دەتوانن لە نزیکەوە و راستەوخۆ ئامادەبن بۆ ئەوەی شایەتحاڵی بەدیهاتنی دادپەروەری بن".
رووداوەکە لە 5ی تشرینی دووەمی 2026 لە بنکەی سەربازی فۆرت هۆد لە ویلایەتی تێکساس روویداوە. بڕیاریشە کوشتنی نیدال لە 3ی تشرینی دووەم جێبەجێ بکرێت.


