رووداو دیجیتاڵ
ئێسکی نیاندەرتاڵێک کە پێشتر لەنێو ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان دۆزراوەتەوە، بەڵگەی نوێ و مێژوویی گرنگ لەسەر کوشتن، تووندوتیژی و سۆز و هاوسۆزی لەنێو نیاندەرتاڵەکان ئاشکرا دەکات.
نیاندەرتاڵەکە کاتێک کوژراوە تەمەنی لە دەوروبەری چل ساڵیدا بووە. توێژەرانی زانکۆی کامبریج ناویان ناوە شاندەر ئەی. ئێسکەکان لەژێر 7.5 مەتر لەژێر دار و نیشتووی ئەشکەوتەکە دۆزراونەتەوە و مێژووەکەیان بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەمبریجی بەریتانی بە هاوبەشی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2026 توێژینەوەکەیان بڵاوکردەوە.
شانەدەر ئەی، ئەو پیاوە نیاندەرتاڵە جگە لە ئێسکی دەفەی شانی، دەستی و چەند پارچەیەکی دیکەی ئێسکی دۆزراونەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجی توێژەران بووە، دەفەی شانی چەپی کونێکی بازنەیی 15 ملیمەتری تێدابووە، ئەوەش نیشانەی چەقینی رمە بە شانیدا. شێوازی برینەکە دەریدەخات کە بە رمێکی دارینی تیژکراو لێیدراوە، نەک سەرەڕمێکی بەردین.
بۆ چەندین ساڵ وا بیردەکرایەوە کە شەڕ و تووندوتیژیی مرۆڤ و باوانەکانی لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون دەستی پێکردووە، بەڵام ئەم دۆزینەوەیە دەرگەیەکی دیکەی کردووەتەوە کە بۆ شوێنەوارناسان و مێژوونووسان ئاشکرابووە، مێژووی تووندوتیژی و کوشتن دەیان هەزار ساڵ لەوە کۆنترە.
توێژەران پێیانوایە ئەو برینە بەهۆی رمێکی دارینی تیژکراوەوە دروست بووە، کە لە سنگی دراوە، بە سییەکان و دڵیدا تێپەڕیوە و لە پشتییەوە دەرچووە، ئەمەش وەک کۆنترین بەڵگەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە بۆ کوشتن دادەنرێت لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
ئێسکە دۆزراوەکە
ئەشکەوتی شانەدەر بەسەر دۆڵی زێی گەورەدا دەڕوانێت، لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیارییە لەسەر نیاندەرتاڵەکان و شوێنێکی وەرزی بووە کە دواتریش مرۆڤی ژیر تێیدا ژیاوە.
دۆزینەوە نوێیەکە وێنەی باوی مرۆڤی نیاندەرتاڵ وەک کێوی و بێهەست دەگۆڕێت.
ئیما پۆمرۆی، زانای ئەنترۆپۆلۆژیای بایۆلۆجی لە زانکۆی کەمبریج دەڵێت، "ئەم ئێسکە پێشانیدەدات کە چۆن تووندوتیژی و سۆز دوو رەهەندی سەرەکیی سرووشتی مرۆڤ لە یەک کەسدا کۆبوونەتەوە و نیاندەرتاڵەکان لە باشە و خراپەدا هاوشێوەی ئێمە بوون".
توێژەران پارچە ئێسکی شکاویشیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی چەقینی رمەکەوە شوێنیان گۆڕاوە، هەروەها ئاراستەی لێدانەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بووە لە بەشی پێشەوەی سنگی چەپی.
پۆمرۆی ئاماژە بەوە دەکات لەوانەیە لێدانەکە بە مەبەستی پێکانی دڵ بێت، هاوشێوەی ئەو لێدانەی راوچییەکان بۆ کوشتنی خێرای نێچیر بەکاری دەهێنن، چونکە نیاندەرتاڵەکان دەیانزانی ئەم جۆرە لێدانە خێرا دەبێتە هۆی مردن.
گراهام بارکەر، شوێنەوارناسی زانکۆی کەمبریج و هاونووسەری توێژینەوەکە روونی دەکاتەوە بە ئەگەری زۆرەوە ئەمە تووندوتیژییەکی نێوان تاکەکان بووە، چ لە نێوان ئەندامانی هەمان گرووپ یاخود لەگەڵ گرووپێکی رکابەری دیکەی نیاندەرتاڵ، لە کاتێکدا ئەگەری ئەوەی هێرشی مرۆڤی هاوچەرخ کوژرابێت، زۆر کەمترە.
نیاندەرتاڵەکان لە پێش 400 هەزار ساڵەوە تاوەکو 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئوراسیا ژیاون و دواتر بە نیشتەجێبوونی مرۆڤی ئێستا لە ناوچەکەدا دیارنەماون، هەرچەندە تێکەڵاوبوون لە نێوانیاندا روویداوە.
برینی ددانەکان و بەڵگەی چاودێریکردن و هاوسۆزی لە ئەشکەوتەکەدا
جگە لە ئێسکی دەفەی شان، توێژەران چەند پەراسوویەک، دەستێکی راستی و حەوت ددانیان دۆزیوەتەوە کە زۆربەیان ددانی شەویلگەی خوارەوەن.
ددانەکان بەڵگەی ئەوەیان پێوە دیارە ئەم کەسە لانیکەم ساڵێک پێش مردنی رووبەڕووی لێدانێکی زۆر تووند لە دەموچاویدا بووەتەوە، بە جۆرێک ددانەکانی پێشەوەی تێکشکاون، دانەیەکیان لەت بووە و ئەوانی دیکەش شوێنیان گۆڕاوە.
ئەم ئازارە لەو سەردەمەدا ئەوەندە سەخت بووە کە خواردن و خواردنەوەی لێ قورس کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە شانەدەر ئەی پێویستی بەوە هەبووە کەسانی دەوروبەری خواردنەکەی بۆ نەرم بکەن و لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانیدا هاوکاریی بکەن لە کاتی چاکبوونەوەیدا.
ئێسکی شانەدەر ئەی لەنێو کۆمەڵە گۆڕێکدا لە پشت کۆڵەکەیەکی بەردینی ئەشکەوتەکە لە تەنیشت تەرمی چوار نیاندەرتاڵی دیکە (سێ پێگەیشتوو و کۆرپەیەک) بە وریاییەوە نێژرابوو، ئەمەش نیشانەی رێز و خەمخۆریی قووڵی ئەندامانی گرووپەکەیە بۆ هاوڕێکانیان.

عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە دۆزینەوەی شوێنەوارەکە رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکە هاوبەشبووە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری مێرگەسۆر و زانکۆی کەمبریج بووە و توانیمان شتێکی زۆر گرنگ بدۆزینەوە ئەویش بەڵگەی شەڕ و تووندوتیژی بووە لەنێوان دوو مرۆڤی نیاندەرتاڵە".
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو مرۆڤەی رمەکەی بەرکەوتووە، دوای ساڵێک مردووە ئەمەش دەرخەری هەست و سۆز بووە لەنێوان نیاندەرتاڵەکانی دیکە و ئەو کەسەی کە بریندار بووە".
عەبدولوەهاب سلێمان گوتی، "ئەم دۆزینەوە جارێکی دیکە ناوی کوردستانی خستەوە ناوەندەکانی جیهان و دووبارە دەرفەت بۆ گەشتیاریی زانستی لە ناوچەکە دەڕەخسێنێت."
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران باسی لەوەشکرد بەهۆی نەبوونی تاقیگەی زۆر پێشکەوتوو لە هەرێمی کوردستان، نموونە و پشکنینە تاقیگەییەکان رەوانەی بەریتانیا دەکرێن و "لە زانکۆکانی کەمبریج، ئۆکسفۆرد و لیڤەرپوول پشکنینیان بۆ دەکرێت" لە کاتێکدا هەڵکۆڵین و هاوکارییە مەیدانی و لۆجستییەکان لەلایەن تیمەکانی سۆران و مێرگەسۆرەوە دەکرێن.


