رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کە بە هیچ شێوەیەک ئەو سەتان کیلۆگرام تەقەمەنییە رادەستی حیزبوڵڵا نەکەنەوە کە لەم دواییانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی لوبنانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "وەزیری دەرەوە داوای لە سەرۆککۆماری لوبنان کردووە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا بکات کە فەرمانیان داوە، پارەیان دابین کردووە یان سەرپەرشتیی گواستنەوەی ئەو بارە تەقەمەنییەیان کردووە؛ هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە گەڕاندنەوەی تەقەمەنییەکان بۆ حیزبوڵڵا دەبێت هێڵێکی سوور و بابەتێکی رەتکراوە بێت."
ئەم هۆشدارییەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە حیزبوڵڵا بە فەرمی دانی بەوەدانا کە ئەو بارە 500 کیلۆگرامییەی تەقەمەنی کە هەفتەی رابردوو دەستی بەسەردا گیراوە، موڵکی ئەوان بووە. حەسەن فەزڵوڵڵا، پەرلەمانتاری سەر بە حیزبوڵڵا لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلە و بارەکەی موڵکی بەرگرییە دژی ئیسرائیل، داواش دەکەین دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و تەقەمەنییەکانیشمان بۆ بگەڕێندرێنەوە."
رەتکردنەوەی یاسای بایکۆتکردنی ئیسرائیل
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ سەرۆکی لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستووەتە سەر یاسای بایکۆتی ساڵی 1955ـی لوبنان، کە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل قەدەخە دەکات و بە گوتەی روبیۆ "رێگرە لەبەردەم هەنگاوەکانی ئاشتی."
بەرپرسە ئەمریکییەکە لەو بارەیەوە گوتی، "روبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لە واقیعدا لۆژیکی نییە، هەربۆیە داوای کردووە پەیوەندییەکی راستەوخۆی سەربازی لە نێوان هێزەکانی لوبنان و ئیسرائیل هەبێت بۆ رێگریکردن لە پێکدادان. ئەم جۆرە پەیوەندییە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی هەڵە تێگەیشتن و خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی چوارچێوەیی نێوان هەردوو وڵات."
لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا، حکومەتی لوبنان پلانێکی بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا ئامادە کردووە، هەروەها لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان گەیشتنە رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لەسەر سنووری نێوانیان.


