رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک بیری لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە بۆمبە زەبەلاحەکەی ئەمریکا کە بە "دایکی بۆمبەکان" ناسراوە، لەو جەنگەدا بەکاربهێنێت؛ هاوکات رەتیکردەوە متمانەی بە هیچ سیاسەتڤانێک هەبێت، تەنانەت بنیامین نەتەنیاهووش.
سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (نیوز ماکس)ـی ئەمریکی سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی قورس دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لەوانەیە ئەو بۆمبکە بەکاربهێنێت کە لەڕووی سەربازییەوە بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" دەناسرێت.
ترەمپ بۆمبەکەی بە "بۆمبێکی یەکجار زەبەلاح" ناوبرد کرد و گوتی، "لە بۆمبێکی ئەتۆمیی بچووک دەچێت؛ بەڵام من چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنم، ئێمە پێویستمان بەوە نییە. ئێمە مەزنترین هێزی ئەتۆمیین لە جیهاندا." هاوکات سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە پێشبینی ناکات هێزی زەوینی ئەمریکا رەوانەی نێو خاکی ئێران بکات.
ئەو قسانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە میدیای ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە رایگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی هەموو بۆمبەکان" لە دژی ئێران دەکات.
ناوی فەرمیی بۆمبەکە (GBU-43/B MOAB)ـیە و گەورەترین بۆمبی نائەتۆمییە لە نێو جبەخانەی ئەمریکادا. تاوەکو ئێستا لە جەنگی دژی ئێراندا بەکارنەهێنراوە، بۆیە ئەگەر بۆ یەکەمین جار بەکاربهێنرێت، دەبێتە پەرەسەندنێکی بەرچاو لە جەنگەکەدا.
متمانە و هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا متمانەی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەیە یان نا، ترەمپ بە راشکاوییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی، "بە راستی، متمانەم بە هیچ کەسێک نییە؛ لە جیهانی سیاسەتدا من متمانەم بە کەس نییە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیل داوایان لێکردووە بەشداری لە کەمپینی هەڵبژاردنی نەتەنیاهوو بکات. کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا پلانی هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات گوتی، "بەڵێ، ئەوان حەز دەکەن بەشداربم؛ بەڵێ، پێیان خۆشە."
لە کۆتاییدا، ترەمپ ستایشی پەیوەندییەکانی کرد و گوتی کە لەگەڵ نەتەنیاهوو خاوەنی "پەیوەندییەکی زۆر باش"ـن و ستایشی "هاوبەشییە سەربازییە زۆر سەرکەوتووەکەی" نێوانیانی کرد لە جەنگی دژی ئێراندا.


