رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای هامبۆرگ سزای بەسەر دوو "سیخوڕی" ئێراندا سەپاند. بەپێی دادگە، هەردوو کەسەکە لەسەر فەرمانی دەزگای هەواڵگریی ئێران، پلانی تیرۆرکردنی نوێنەرانی جووی ئەڵمانیایان داڕشتبوو، کە یەکێکیان جۆزێف شوستەر بوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندیی جووەکان لە ئەڵمانیا.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگەی باڵای هانسیاتی لە هامبۆرگ دوو پیاوی تەمەن 54 ساڵ و 43 ساڵی بە تۆمەتی سیخوڕیی هەواڵگری، داڕشتنی پلانی هێرشکردنە سەر نوێنەرانی جوو و بەشداریکردن لە هەوڵی کوشتندا دادگەیی کرد.
دادگە ئەڵمانییەکە سزای هەشت ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەر پیاوە 54 ساڵانەکە و چوار ساڵ و نیو بەندکردنیشی بەسەر پیاوە 43 ساڵانەکەدا سەپاند.
بەپێی داواکاری گشتیی فیدراڵی، پیاوە 54 ساڵانەکە سیخوڕی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە و کەسەکەی دیکەش لە رێگەی ئەوەوە پەیدا کراوە و راکێشراوەتە ناو کارەکە.
دادگە ئاشکرای کرد، یەکێکیان بە رەچەڵەک ئەفغانە و یەکێکیشیان خاوەنی پاسپۆرتی دانیمارکییە، بەڵام هەردووکیان لە دانیمارک دەژیان و لە ساڵی 2025دا دەستگیرکرابوون.
بە گوتەی داواکاری گشتی، یەکێک لە ئەرکە سیخوڕییەکانیان ئەوە بووە کە زانیاری لەسەر بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ئەڵمانی-جوو و سیاسەتڤانی پارتی سەوزەکان، فۆلکەر بێک، کۆبکەنەوە.
داواکاری گشتیی فیدراڵی هەروەها گوتی، هاوکارەکەی هەوڵی دابوو کەسێکی دیکەی چەکدار بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بۆ سەر بێک بدۆزێتەوە و ئامادەی بکات.


