رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل پیشانی دەدات، بەرەی نەتەنیاهوو 51 کورسی، بەرەی ئایزنکۆت 51 کورسی کە ئۆپۆزسیۆنە، هەروەها لیستە عەرەبییەکان 19 کورسییان بەدەستهێناوە و هێشتا هیچ کامیان نەیانتوانیوە زۆرینەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەست بهێنن.
ئەم هەڵبژاردنە بە یەکەم دەنگدانی گشتی لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دادەنرێت و لە سایەی جەنگێکی فرەبەرەی ناوچەیی و ئاڵۆزییەکان لە کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە بەڕێوەچوو.
لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) کە لە 120 کورسی پێکدێت، بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە هەر هاوپەیمانییەک یان حیزبێک لانیکەم 61 کورسی بەدەستبهێنێت. رێژەی بەشداری لە دەنگداندا گەیشتە 77.7٪، کە بەرزترین رێژەی بەشدارییە لە ساڵی 1999ـەوە لە ئیسرائیل تۆمار کرابێت.
بەپێی دوایین هەواڵی کەناڵە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، هەردوو بەرەی راستڕۆ بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت، بە 51 کورسی بەرامبەر 51 کورسی یەکسانن.
پارتی لیکوود بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو بە گەورەترین پارتی پەرلەمان دادەنرێت و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 24 بۆ 27 کورسی مسۆگەر بکات.
پارتی یاشار بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت لە پلەی دووەمدایە و پێشبینیی بردنەوەی 20 بۆ 23 کورسیی لێدەکرێت.
لیستە عەرەبییەکانیش گەورەترین سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکەدا تۆمار کردووە و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 17 بۆ 18 کورسی لە پەرلەماندا بەدەستبهێنن.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویکردەوە، دوای جیاکردنەوەی نزیکەی 1 ملیۆن دەنگ (کە دەکاتە 16.8٪ـی کۆی دەنگەکان)، پارتی لیکوود 24.1٪ـی دەنگەکان و پارتی یاشار 16.1٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکە، کەناڵی ئای24ـی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەی نەتەنیاهوو 55 کورسی و بەرەی ئۆپۆزسیۆن 49 کورسییان بەدەستهێناوە. هەروەها لەسەر ئاستی پارت، لیکود 27 کورسی، یاشار 20 کورسی، پارتی (پێکەوە) 15 کورسی و دیموکراتەکان 9 کورسییان بەدەستهێناوە.
نەتەنیاهوو: دەبێت حکومەتێکی راستڕۆ پێکبهێندرێت و مەترسیی ئێران نەهێڵین
بنیامین نەتەنیاهوو دوای کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان [کاژێر 4:00 بەکاتی هەولێر] لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانیدا، بەبێ ئەوەی بە فەرمی سەرکەوتن رابگەیێنێت، گوتی لیکوود گەورەترین پارتی وڵاتە و رایگەیاند: "دەبێت حکومەتێکی راستڕۆی نەتەوەیی بەهێز پێکبهێنین؛ زۆرینەی زایۆنی و جوو لە ئیسرائیل پێویستە یەکبگرن، بە هیچ شێوەیەک نابێت حکومەتێک پێکبهێندرێت کە پشت بە پارتە عەرەبییەکان ببەستێت."
نەتەنیاهوو پرسی ئێرانی وەک کارتی سەرەکی بەکارهێنا و گوتی: "ئیسرائیل لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوویی و دەگمەندایە لەگەڵ هاوبەشەکەمان سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی مەترسیی ئێران بۆ هەمیشە نەهێڵین."
ئایزنکۆت: نەتەنیاهوو دەبێت خانەنشین بێت
لە بەرامبەردا، گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوو و سەرکردەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە گوتارێکدا لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، خەڵکی ئیسرائیل دەنگیان بە گۆڕانکاری داوە و متمانەیان لە نەتەنیاهوو سەندووەتەوە؛ گوتیشی: "سەرکردەیەکی شیاو و شایستە ئەمڕۆ وازهێنانی خۆی لە کایەی سیاسی رادەگەیێنێت."
ئایزنکۆت هۆشداریی تووندی دایە نەتەنیاهوو سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕی نوێ لەگەڵ ئێران لەپێناو بەرژەوەندیی حیزبی و گوتی: "نەتەنیاهوو، نەکەی ئاسایشی ئیسرائیل بۆ پێداویستی و مەرامی سیاسیی خۆت بەکاربهێنیت."
مەنسوور عەباس، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عەرەب رایگەیاند، راستڕۆکان تووشی زیانێکی گەورە بوون و ئامادەیی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئایزنکۆت نیشاندا. هەرچەندە ئایزنکۆت پێشتر رایگەیاندبوو بەشداری بە پارتە عەرەبییەکان لە کابینەکەیدا ناکات، بەڵام دەکرێت لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکە وەک تۆڕی پارێزەری کورسییەکان پاڵپشتیی لێبکەن تاوەکو حکومەتی کەمینە پێکبهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئیتامار بن گڤیر، سەرکردەی راستڕۆی تووندڕو هۆشداریی دایە نەتەنیاهوو لەوەی بیر لە حکومەتی یەکڕیزی لەگەڵ ئایزنکۆت بکاتەوە و ئەوەی بە "هەڵەیەکی گەورە" باسکرد.



