رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا لە نێوەڕاستی ئیسپانیا، لانیکەم 39 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بریندار بوون؛ ئەمەش دووەم کارەساتی گەورەی هێڵی شەمەندەفەرە لەو وڵاتە لە ماوەی ئەم ساڵدا تۆمار بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 28-10-2026، دەستەی بەڕێوەبردنی ژێرخانی هێڵی ئاسنینی ئیسپانیا (Adif) رایگەیاند، پێکدادانەکە دوای کاژێر 09:00ـی بەیانی لە نێوان شارۆچکەکانی مۆرا و ئۆرگاز لە پارێزگەی تۆلێدۆ لە باشووری مەدرید روویداوە، کاتێک شەمەندەفەرێکی خێرا لە دواوە خۆی بە شەمەندەفەرێکی دیکەدا کێشاوە.
رووداوەکە لە نێوان شەمەندەفەرێکی کۆمپانیای رێنفی (Renfe) و شەمەندەفەرێکی کۆمپانیای ئیریۆ (Iryo) بووە، کە هەردووکیان بە هەمان ئاراستە لە مەدریدی پایتەختەوە بەرەو شاری سێڤییا لە هەرێمی ئەندەلوس دەڕۆیشتن؛ بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە دوو فارگۆنی [عەرەبانە] شەمەندەفەرەکەی ئیریۆ لە هێڵەکە دەرچوون و بە لێوارێکدا کەوتوونەتە خوارەوە.
هەرچەندە سەرەتا بەرپرسانی خۆجێیی هەرێمی کاستیا-لامانچا گیانلەدەستدانی لانیکەم 10 کەسیان راگەیاندبوو، بەڵام دواتر تۆڕی سکای نیووزی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی نێوخۆییەوە رایگەیاند، ژمارەکە بۆ لانیکەم 39 کەس بەرزبووەتەوە و تیمەکانی فریاکەوتن لە هەوڵی رزگارکردنی ئەو سەرنشینانەدان کە لە نێو فارگۆنە تێکشکاوەکاندا گیریان خواردووە.
دەستەی هێڵی ئاسنین رایگەیاند، هاتوچۆی شەمەندەفەر لە تەواوی هێڵی خێرای نێوان مەدرید و هەرێمی ئەندەلوس راگیراوە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئێکس هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییان دەربڕی و گوتی: "بە کارەساتی پێکدادانی شەمەندەفەرەکان لە تۆلێدۆ شۆک بووم. لە پەیوەندیی بەردەوامدام لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و سەرۆکی هەرێمی کاستیا-لامانچا؛ تیمەکانی فریاگوزاری لە مەیداندان بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان."
هاوکات پارتە سەرەکییەکانی ئیسپانیا، کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی گشتیی مانگی داهاتوو ئامادە دەکرد، تەواوی چالاکییە سیاسی و هەڵمەتەکانی ئەمڕۆیان راگرت.
ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە، لە 18ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا لە کارەساتێکی هاوشێوەدا لە شارۆچکەی ئاداموز لە باشووری ئیسپانیا، دوو شەمەندەفەری خێرا بە سەدان سەرنشینەوە لە هێڵ دەرچوون و بەهۆیەوە 45 کەس گیانیان لەدەستدا و 170 کەسی دیکەش بریندار بوون.



