رووداو دیجیتاڵ لە کاتێکدا کەمتر لە هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوە، پرۆسەی ئەمساڵ بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە گرانترین هەڵبژاردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بەپێی پێشبینییەکانی دامەزراوەی (AdImpact)، تەنیا خەرجیی ریکلامی سیاسی لەم خولەدا 11 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت؛ ئەم ژمارە خەیاڵییەش جارێکی دیکە پرسیارێکی بنەڕەتیی ورووژاندووەتەوە: ئایا لە ئەمریکا دەنگ بە پارە دەکڕدرێت؟ بەڵێنە گەورەکان و گومانی "کڕینی دەنگ" پرسی کڕینی دەنگ کاتێک بووە باسی گەرمی میدیاکان، کە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بەڵێنی بە هەر ئەمریکییەکی پێگەیشتووی خاوەن مافی دەنگدان دا لە ئەگەری سەرکەوتنیدا بڕی 5 هەزار دۆلاریان پێبدرێت. جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە پێویستی بە نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلارە لە بودجەی گشتیی وڵاتێکدا کە زیاتر لە 40 تریلیۆن دۆلار قەرزدارە. هەرچەندە روون نییە لە رووی کردارییەوە چۆن جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بەشێک لە چاودێران ئەمەیان وەک هەوڵێکی ناڕاستەوخۆ بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەران لێکدایەوە. یاسا چی دەڵێت و دەوڵەمەندەکان چۆن دەیکەن؟ لە سیستمی فیدراڵیی ئەمریکادا، حکومەت پارە ناداتە بانگەشەی بەربژێرانی کۆنگرێس و بەربژێرەکان خۆیان پارە لە هاووڵاتییان کۆدەکەنەوە. یاساش سنوورێکی توندی بۆ بەخشین داناوە؛ بە جۆرێک هیچ کەسێک ناتوانێت لە یەک هەڵبژاردندا زیاتر لە 3,500 دۆلار ببەخشێتە بەربژێرێک، هاوکات بەخشینی ساڵانە بۆ کۆمیتەی نیشتمانیی پارتێک نابێت لە 44,300 دۆلار تێپەڕ بکات. کەواتە ئەم ملیارەها دۆلارە لە کوێوە دێت؟ کلیلی سەرەکیی ئەم هاوکێشەیە گرووپەکانی ناسراو بە "سوپەر پاک" (Super PAC). لە ساڵی 2010 و بە بڕیارێکی مێژوویی دادگای باڵای ئەمریکا، رێ درا ئەم کۆمیتە سەربەخۆیانە دابمەزرێن. سوپەر پاکەکان دەتوانن بێ هیچ سنوورێک پارە لە کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکان کۆبکەنەوە و لە ریکلام و بانگەشەدا خەرجی بکەن، بەو مەرجەی هیچ هەماهەنگییەکی راستەوخۆ لەگەڵ تیمی کەمپەینی بەربژێرەکەدا نەکەن. ئەم میکانیزمە یاساییە رێگەی داوە سەرمایەدارەکان کاریگەرییەکی بێوێنە لەسەر بردنەوەی بەربژێرە دڵخوازەکانیان دروستبکەن، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە رەخنەگران بڵێن ئەمریکا لە "دیموکراسی"یەوە بەرەو "پلوتۆکراسی" (حوکمڕانیی چینی دەوڵەمەند) هەنگاو دەنێت. ململانێی داتاکان؛ کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان؟ بەپێی دوایین داتای فەرمی تاوەکو 14ی تشرینی یەکەم: - کۆمارییەکان: تەنیا لە رێگەی کۆمیتەکانیانەوە (بەبێ سوپەر پاک) 147.9 ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە. هاوکات سوپەر پاکە سەرەکییەکانیشیان زیاتر لە دوو هێندەی ڕکابەرەکانیان پارەیان لەبەردەستدایە. - دیموکراتەکان: کۆمیتەکانیان 73 ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە (نزیکەی نیوەی کۆمارییەکان). بەڵام لە ئاستی تاکەکەسیی بەربژێرەکاندا لەپێشن؛ بە شێوەیەک هەموو 10 بەربژێرەکەی ئەنجوومەنی پیران (سێنات) کە زۆرترین بەخشینی راستەوخۆیان کۆکردووەتەوە، سەر بە پارتی دیموکراتن. شەڕی ملیاردێرەکان: مەسک بەرامبەر سۆرۆس جیاوازییە گەورەکە لە هەژموونی ملیاردێرەکانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، کە بە تەواوی پاڵپشتیی ترەمپ و کۆمارییەکان دەکات. مەسک لەم خولەدا بە تەنیا 446 ملیۆن دۆلاری داوەتە ئەو سوپەر پاکانەی پشتیوانی لە کۆمارییەکان دەکەن، ئەم بڕەش زیاتر لە چوار هێندەی ئەو پارەیەیە کە جۆرج سۆرۆس (گەورەترین بەخشەری دیموکراتەکان) بەخشیویەتی. قەبارەی ئەو سەرمایەیەی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بەکاردێت هیچ پێشینەیەکی نییە؛ تەنیا خەرجیی ریکلامی کەمپەینەکان لە تێکڕای بودجەی ساڵانەی حکومەتێکی وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاترە. لەگەڵ ئەم هەموو لێشاوە داراییەش، پرسیاری یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە: ئایا ملیارەها دۆلاری دەوڵەمەندەکان دەتوانێت لە سندووقەکانی دەنگداندا چارەنووسی سەرۆک و کۆنگرێس یەکلابکاتەوە؟ رۆژی هەڵبژاردن وەڵامی ئەمە دەداتەوە.
جیهان30-10-2026رێکخراوی پەناگەکانی ژنانی ئەڵمانیا: سێ چارەکی ئەو ژنانەی لە تووندوتیژیی خێزانی هەڵاتوون کۆچبەرن
جیهان30-10-2026لە رووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە ئیسپانیا 69 کەس گیانیان لەدەستدا؛ بە درۆن لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردووە