رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هاوئاهەنگیی پەناگەکانی ژنان (Frauenhauskoordinierung e. V.) لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، نزیکەی سێ چارەکی ئەو ژنانەی لە پەناگەکاندا پارێزراون، ژنانی کۆچبەرن کە بەهۆی تووندوتیژیی خێزانییەوە لە ماڵەکانیان هەڵاتوون و لەگەڵ چەندین ئاستەنگی جیاوازدا رووبەڕوو دەبنەوە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوەکە، تووندوتیژیی خێزانی لە ساڵی 2024دا ژمارەیەکی پێوانەییی شکاندووە و گەیشتووەتە 266,000 دۆسیە؛ هەر بۆیە داواکاری لەسەر پەناگە (شێڵتەر) زۆر بووە و ئێستا پێویستیان بە نزیکەی 20,000 پەناگەی دیکە بۆ ژنان هەیە.
جولیان شرایبەر، سەرۆکی کارگێڕیی رێکخراوەکە لە بەرلین، هەینی، 30ی تشرینی یەکەمی 2026، سەبارەت بەم دۆخە و رێژەی ژنانی کۆچبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکخراوەکەمان ئەندامێتیی چەندین پەناگە و رێکخراوی مرۆیی لە ئەستۆ دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی تووندوتیژی پەیوەست نییە بە نەژاد و کۆچبەرییەوە، بەڵام سێ چارەکی ئەوانەی روویان لە پەناگەکان کردووە، هەڵگری ناسنامەی کۆچبەرین."
ژمارەی منداڵان لە پەناگەکاندا لە ژنان زیاترە
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، لە ساڵی 2025دا لە سەرانسەری پەناگەکانی ئەڵمانیا، 6,430 ژن و 7,310 منداڵ پارێزراون. بەپێی خەمڵاندنە گشتییەکان، ژمارەی منداڵ و لاوان لە ناو پەناگەکاندا زۆر لەوە زیاترە و پێشبینی دەکرێت بگاتە نزیکەی 15,280 کەس.
لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنانی کۆچبەر، رێکخراوەکە گوتی: "جگە لە ئاستەنگی زمان، ئەم ژنانە بۆ وەرگرتنی شوێنێکی پارێزراو ناچارن ئەو شوێنی نیشتەجێبوونە چۆڵ بکەن کە حکومەت بۆی دیاری کردوون، ئەمەش بەهۆی رێکارە ئیدارییەکانەوە دەبێت."
ئاستەنگە دارایی و یاساییەکان و چارەسەر
بەرپرسی رێکخراوەکە، لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە بەهۆی نەبوونی شوێنەوە، داواکاریی ژنان بۆ پەناگەکان رەت دەکرێتەوە. گوتیشی: "بەپێی پێشنیاری ئەنجوومەنی ئەورووپا، ئەڵمانیا پێویستی بە 19,600 شوێنی دیکە هەیە بۆ ژنان و منداڵەکانیان."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کێشەکان نەبوونی شایستەی دارایی پەناگەکانە. ساڵی رابردوو، چواریەکی ژنان ناچار بوون پارەی مانەوەیان لە پەناگەکان بدەن کە رۆژانە لە نێوان 10 تاوەکو 100 یۆرۆ بووە.
لەلایەکی دیکەوە، لە ساڵی 2027ـەوە گۆڕانکاری لە یاساکانی هاوکاریی تووندوتیژی دەکرێت کە حکومەتە هەرێمییەکان ناچار دەکات تۆڕێکی هاوکاریی سەرتاسەری دابین بکەن. بەپێی ئەو بەرپرسە، لە ساڵی 2032دا مافی پاراستن لە پەناگەکاندا بە تەواوەتی بۆ هەمووان دابین دەکرێت.
ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی کۆچبەر لە دۆزینەوەی پاراستن
سەبارەت بە جۆرەکانی تووندوتیژی کە دەبێتە هۆی هەڵاتنی ژنانی کۆچبەر، رێکخراوەکە دەڵێت: "زۆربەی کات تووندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، سێکسی، دارایی و دیجیتاڵی تۆمار دەکرێت."
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە پیاوان بە بیانووی مافی نیشتەجێبوون و پەنابەرییەوە گوشار و هەڕەشە لەو ژنانە دەکەن کە هێشتا مافی پەنابەرییان وەرنەگرتووە.
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات لە زۆربوونی تووندوتیژیی دیجیتاڵی، کە تێیدا تاوانباران مۆبایل، ئامێری دیاریکردنی شوێن (GPS) و لاپتۆپ بەکاردەهێنن تاوەکو ژنان کۆنتڕۆڵ بکەن. بۆ پاراستنی زیاتری ژنان، رێکخراوەکە داوای خولی فێرکاریی هاوبەش لە نێوان پۆلیس، دادگە و پەناگەکاندا دەکات.
یەکەم پەناگەی ژنان لە ئەڵمانیا؛ 50 ساڵ خزمەت
یەکەم پەناگە بۆ ئەو ژنانەی لە تووندوتیژیی خێزانی هەڵاتوون، لە 1ی تشرینی دووەمی 1976دا، واتە 50 ساڵ لەمەوبەر، لە ڤێلایەکی گەڕەکی (گرونەواڵد) لە رۆژئاوای بەرلین کرایەوە.
بەپێی گوتەی دامەزرێنەرانی، لەو سەردەمەدا تووندوتیژیی خێزانی وەک ئێستا دیاردەیەکی بەرچاو نەبوو، بەڵام داواکاری بۆ پاراستنی ژنان لە تووندوتیژیی هاوژینان لە ناو خێزاندا زۆر بوو.

