رووداو دیجیتاڵ
دوای 21 رۆژ لە وەستان بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بەرزیی شەپۆلی دەریا، پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بەرەو بەریتانیا دەستیپێکردەوە و دوێنێ پێنجشەممە 263 کۆچبەر گەیشتنە بەندەری دۆڤەر لەو وڵاتە. بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەلەمێکی کۆچبەرانیش کە بە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان نەخشێندرابوو، دەنگدانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
بە گەیشتنی سێ بەلەمی نوێ لە رۆژی پێنجشەممەدا، کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا گەیشتە 21,198 کەس. ئەم ئامارەیە بە رێژەی 43% کەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 کە 36,954 کەس بوون و بە رێژەی 29% کەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی 2024 کە 29,867 کۆچبەر بوو.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکرایەوە، بەلەمێکی چووپ دەردەکەوێ کە بە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان نەخشێندراوە و نزیکەی 25 کۆچبەری هەڵگرتووە و لە کەناراوێکی بەلجیکاوە لە نزیک سنووری فەرەنسا بەرەو بەریتانیا بەڕێدەکەوێ.
لە گرتەکەدا کاتێک تۆمارکەری ڤیدیۆکە لێیان دەپرسێت: "ئایا بە پەرۆشن بۆ گەیشتن بە ئینگلتەرا؟" سەرنشینەکان بە دەنگی بەرز دەڵێن: "بەڵێ."
نایجڵ فەراج، سەرۆکی پارتی راستڕۆی (چاکسازیی بەریتانیا) گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردەوە و وێنەی ئاڵای کوردستانی لە تەنیشت دانا و نووسی: "ئەم بەلەمە تەنانەت بە تایبەتی بە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان دروستکراوە. باندەکان پێمان پێدەکەنن. ئێستا باندەکان بەلەمەکان بە رەنگی نیشتمانیی خۆیان دەنەخشێنن. ئەوان گاڵتەمان پێدەکەن. ئێمە لە کالێ، نۆرماندی و ئێستاش لە بەلجیکاوە داگیردەکرێین."
فەراج هەروەها رەخنەی لە پۆلیسی بەلجیکاش گرت کە لە گرتەکەدا دەردەکەون و رێگری لە بەڕێکەوتنی بەلەمەکە ناکەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێ، ئاگاداری ئەو بەلەمە نییە، بەڵام گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکوەزیران گوتی: "خەمسارد نین و دەزانین کاری زیاترمان لەپێشە، بۆیە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بەردەوام دەبین لە کارکردن."
هاوکات، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا گوتی: "پێشکەوتنی باشمان لە بەرەنگاربوونەوەی بەلەمە بچووکەکان بەدەستهێناوە؛ پەڕینەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و نزمترین ئاستی گەیشتنی کۆچبەرانمان لە وەرزی هاویندا لە ساڵی 2020ـەوە تۆمارکردووە. هەوڵە هاوبەشەکانمان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە بوونەتە هۆی رێگریکردن لە زیاتر لە 50 هەزار هەوڵی پەڕینەوە و دەستبەسەرداگرتنی 1,100 بەلەم."

