رووداو دیجیتاڵ
توێژەرێکی کورد لە زانکۆیەکی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتانی وەک رووسیا و ئێران هەوڵیان داوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بکەن، بەڵام زیاتر بۆ تێکدانی متمانەی خەڵک بە پرۆسەکە، نەک گۆڕینی ئەنجامەکان.
شوکریە برادۆستی، توێژەری دکتۆرا لە زانکۆی (ڤێرجینیا تێک) گوتی، لە هەڵبژاردنی 2016ـدا، بەپێی بەڵگەکان، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا چووەتە نێو کاروباری پارتی دیموکراتەکان و بەڵگەکانی دەستکاری کردوون.
ئەو توێژەرە گوتی: "لە دوایین هەڵبژاردنیشدا، بەڵگە هەبووە کە ئێران هەوڵی داوە دەستکاریی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکات."
بە گوتەی ئەو توێژەرە کوردە، ئامانجی سەرەکیی دەستوەردانەکان گۆڕینی بیرکردنەوەی دەنگدەر و تێکدانی بارودۆخی هەڵبژاردنەکانە و ئەو وڵاتانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بچنە نێو سیستمی دەنگدانی ئەمریکا.
شوکریە برادۆستی دەشڵێت: "گرنگترین شت ئەوەیە کە خەڵک چەند متمانەی بە ئەنجامی دەنگدانەکە هەیە. بۆ وڵاتێکی وەک رووسیا یان چین، گرنگ ئەوەیە کە سیستمەکە بڕووخێت."
قسەکانی ئەو توێژەرە ئەمڕۆ شەممە، 31-10-2026، لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی (رێگەی کۆنگرێس) کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پێشکەشی کرد.
لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانیش ئەو توێژەرە دەڵێت: "ناتوانین بە رەهایی بڵێین ساختەکاری لە هەڵبژاردن لە ئەمریکا ناکرێت"، بەڵکو بە رێژەیەکی کەم ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا هەیە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە کۆچبەری زۆری لێیە.
نموونەی ساختەکاریش بەوە دەهێنێتەوە کە هەندێک کەس بە بیانووی ئەوەی زمانی ئینگلیزی نازانن، وەرگێڕ لەگەڵ خۆیان دەهێنن و وەرگێڕەکە دەنگەکەیان بۆ دەدات، کە ئەمە دەتوانێت بۆ ساختەکاری بەکاربهێندرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک جار پارتەکان کەسانێک بەربژێر دەکەن کە ناوەکانیان لە ناوی بەربژێری پارتی رکابەر دەچێت بۆ ئەوەی دەنگدەر بە هەڵەدا ببەن، ئەوەشی بە "فێڵێکی یاسایی" ناوبرد.
لەبارەی سیستمی هەڵبژاردن لە ئەمریکا، شوکریە برادۆستی دەڵێت، سیستمەکە لامەرکەزییە و بەربژێرەکان لەلایەن پارتەکانەوە دیاری ناکرێن، بەڵکو هەر هاووڵاتییەک کە مەرجەکانی تێدا بێت دەتوانێت خۆی بەربژێر بکات.
ئەو توێژەرە کوردە، باسی لەوەش کرد کە لەنێو هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماریدا، دوو بەرەی نوێ دروست بوونە؛ یەکێکیان "پرۆگرێسیڤەکان" لەنێو دیموکراتەکان و ئەوی دیکەیان "ماگا" لەنێو کۆمارییەکان، کە هەردووکیان لەسەر بنەمای "لەپێشینە بۆ ئەمریکا" کار دەکەن و دژی دەستوەردانی دەرەکین، بەڵام لە سیاسەتدا جیاوازن.


