رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا لە هەندێک لە پایتەختەکانی جیهان وەک سنووردانانێک بۆ دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لێکرا، بەتایبەت لە پرسی جەنگی ئێراندا، بەڵام هاوپەیمانەکانی واشنتن هۆشداری دەدەن کە رەنگە سەرۆکی ئەمریکا لە دوو ساڵی کۆتایی خولەکەیدا هەڵچووتر، پەرتەوازەکەرتر و پێشبینینەکراوتر بێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، رۆلاند لێسکور، وەزیری دارایی فەرەنسا لە گوتەیەکدا بۆ رادیۆی ئاڕ ئێم سی گوتی: "لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، ترەمپ وەک فەرمانڕەوای سەرەکی دەمێنێتەوە، هەمووان دەزانن سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو چەند دەتوانێت کەسێکی پێشبینینەکراو بێت"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت چاودێریی رۆژانی داهاتوو بکەن تاوەکو بزانن ئایا ترەمپ دەیەوێت بەسەر ململانێکاندا زاڵ بێت و دان بە گۆڕانکارییەکاندا بنێت یان رێگەیەکی دیکە دەگرێتەبەر".
پارتی کۆماری، کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی لە دەست دا؛ هەڵبژاردنێک کە گرانیی بەرچاوی نرخی وزە و تەنگژەی ئابووریی جیهانی زاڵ بوو بەسەریدا.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز دانی بە شکستەکەیدا نا و گوتی، بەشێکی هۆکارەکەی پەیوەندیی بە جەنگی ئێرانەوە هەبووە، هەروەها بە رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزی راگەیاند، هیچ پلانێکی دەستبەجێی بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان لەگەڵ تاراندا نییە.
بەگوێرەی ژمارەیەک بەرپرس کە قسەیان بۆ بلومبێرگ کردووە، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەزانن ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا دەسەڵاتی فراوانی هەیە، کە کۆنگرێس کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر نییە. مەترسیی سەرەکی ئەوەیە ترەمپ هێشتا دوو مانگی لەبەردەستە پێش ئەوەی دیموکراتەکان بە فەرمی دەسەڵاتی کۆنگرێس بگرنە دەست و بودجە و هەنگاوە سەربازییەکانی سنووردار بکەن.
لە تاران، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پێشوازیی لە ئەنجامەکان کرد و نووسیویەتی، ئەمریکییەکان یان لەبەر "ویژدان" یاخود بەهۆی "تێچووی بەرزی بژێوی" بە نەخێر وەڵامی جەنگیان داوەتەوە.
ئۆکراینا، رووسیا و ئاستەنگە دیپلۆماسییەکان
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەستی لایەنگرانی پشتیوانیکردنی کیێڤ لە وەرزی زستاندا بەهێزتر دەکات، بەڵام سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئۆکراینا ناگۆڕێت سەرەڕای سیاسەتی "تووندوتیژ و نەرێنی"ی دیموکراتەکان بەرامبەر رووسیا.
لە ئەورووپا، ئاندرێی بابیش، سەرۆکوەزیرانی کۆماری چێک بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ماوەی داهاتووی سەرۆکایەتیی ترەمپ بە لێپرسینەوە، مافی ڤیتۆ و ئیفلیجبوونی بڕیارەکان دەناسرێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ترەمپ بە سادەیی هەر شتێک بییەوێت دەیکات. با هیوادار بین بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و پرسی تەنگەی هورمز."
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئەنجامەکەی وەک دەنگدان دژی هەژارکردنی خەڵک، رق و کینە و رەتکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ناوبرد. لە بەریتانیاش، سەرکردەکان پێیانوایە ئەمە رەنگە سەرەتای کۆتاییهاتنی شەپۆلی راستڕۆی توندڕۆی جیهانی بێت.
پەیوەندییە لەرزۆکەکان و پێشبینیی هەڵچوونی ترەمپ
دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان دەڵێن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن لە خولی دووەمی ترەمپدا درزی تێکەوتووە؛ بەهۆی نزیکبوونەوەی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، پشتیوانیکردنی راستڕەوە تووندڕەوەکانی ئەورووپا، هەڕەشەی داگیرکردنی گرینلاند لە دانیمارک و ئۆپەراسیۆنی لەناکاو بۆ رووخاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی لەکارلادراوی ڤەنزوێلا.
بەرپرسێکی باڵای ئەورووپی بە بلومبێرگی رایگەیاند، پێویستە ئەورووپا بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئەمریکا بۆ پرسی ئەمنی بەبێ گوێدانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
سیریل رامافۆزا، سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور هیوای خواست ئەم گۆڕانکارییە ببێتە دەستپێکی "سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییە جیهانییەکان و بازرگانیدا."
لە بەرامبەردا، بیلاهاری کاوسیکان، بەرپرسی باڵای پێشووی کاروباری دەرەوەی سەنگاپوورە پێیوایە ترەمپ بەهۆی ئەوەی دیموکراتەکان ناتوانن ڤیتۆکانی هەڵبوەشێننەوە، رەنگە هەست بە "ئازادیی تەواو" بکات و زیاتر لە جاران پێداگری لەسەر بڕیارە سەرکێشەکانی بکات؛ پێشبینیش دەکات لە ماوەی داهاتوودا واشنتن شایەتی شەڕی تووندی پەسندکردنی بودجە و هەوڵی تۆڵەسەندنەوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کابینەکەی بێت، بێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر چین، ئێران یان باجە گومرگییەکان رووبدات.



