رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، وڵاتەکەی لە رێگەی قەتەرەوە پێشنیازێکی ئەتۆمیی ئاراستەی ئەمریکا کردووە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پێشنیازە تەنیا دوای ئەوە دەبێت کە واشنتن سەرجەم حەوت پێشمەرجەکەی تاران جێبەجێ بکات.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی ئیدارەی ئەمریکا سەرقاڵی پێداچوونەوەی پێشنیازەکەیە، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاریی زیاتر لەبارەی نێوەڕۆکەکەی بخاتەڕوو.
لە هەمان کاتدا، موحسین رەزایی، بەرپرسی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رایگەیاند، "لە پرسی دیپلۆماسیدا، حەوت مەرجمان بە ئەمریکییەکان راگەیاندووە؛ تاوەکو ئەو حەوت مەرجەمان بۆ جێبەجێ نەکەن، نە تەنگەی هورمز دەکەینەوە و نە هیچ دانوستاندنێکیش ئەنجام دەدەین."
داواکارییە سەرەکییەکانی تاران بریتین لە: هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکانی ئەمریکا، ئازادکردنی دارایی و پارە سڕکراوەکانی ئێران، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن پێداگری دەکات پێویستە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە سەرەتاوە بەشێکی دانەبڕاو بێت لە هەر رێڕەوێکی دانوستاندن.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ چڕکردووەتەوە، لە ترسی ئەوەی پێکدادانەکان سەرهەڵبدەنەوە؛ بە تایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بەدوور نازانێت، لە بەرامبەریشدا تاران پلانی بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی بەرفراوانتر ئامادە کردووە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگەکە.



