رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکارانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی رایگەیاند، بەمزووانە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی شەڕێکی بەرفراوان دژ بە ئێران دەدات. ترەمپ جەختی کردەوە کە تاران بەبێ رەزامەندیی واشنتن ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بنێت و گوتی، "نامەوێت ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە وێرانی بکەم، بەڵام رەنگە ناچار بم."
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی سەبارەت بەو پێشنیازانەی تاران تاوتوێیان دەکات، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "گرنگ نییە چ پێشنیازێک تاوتوێ دەکەن، چونکە بەبێ رەزامەندیی ئێمە ناتوانن هیچ شتێک بکەن و نابنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە دەستپێکی بوونمان لەوێ پێش حەوت مانگ، کۆنترۆڵی هەموو ئەو شوێنانەمان کردووە کە دەمانویست کۆنترۆڵیان بکەین."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بەمزووانە بڕیار لەسەر داهاتووی دۆخەکە دەدەن و روونیکردەوە، "ئێستا دەبێت بڕیار بدەین کە ئایا دەمانەوێت زیاتر بڕۆین و بە هێرش دڵنیا ببینەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەناوچووە و هەرگیز دووبارە نابێتەوە یاخود نا؟ نامەوێت ئەوەی لەو وڵاتە ماوەتەوە وێرانی بکەم ئەگەر بکرێت، بەڵام رەنگە ناچار بم ئەوە بکەم، بەمزووانەش بڕیارەکە دەزانن."
پێشنیازەکەی قەتەر
هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی بژاردەکان لەلایەن ترەمپەوە، جموجووڵێکی چڕی دیپلۆماسی لە ناوچەکە دەستیپێکردووە؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەر، سعودیە، تورکیا، ئیمارات، عومان و میسر ئەنجامدا.
ناوبژیوانانی قەتەر رەشنووسی پێشنیازێکی نوێیان خستووەتە بەردەم واشنتن و تاران کە دوو قۆناخ لەخۆدەگرێت. لە قۆناخی یەکەم ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران هەڵدەگرێت و بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی تاران ئازاد دەکات؛ لە بەرامبەردا، ئێران بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات بۆ ناردنی پشکنەرەکانی بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانەی پێشتر بۆردوومان کرابوون.
دواتریش، ئێران تەنگەی هورمز دەکاتەوە و دانوستاندنەکانی تایبەت بە پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دەستپێدەکات.
پەیامی تاران بۆ پووتین و
جەختکردنەوە لە حەوت مەرجەکە
لە لایەکی دیکەوە، موحسین
رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر
پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە و پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی
پێگەیاند.
رەزایی دوای دیدارەکە گوتی
کە پووتین ئامادەیی نیشانداوە بۆ نێوەندگیری و هاوکاریکردن لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە،
بەڵام جەختی کردەوە، "بە بەڕێز پووتینمان راگەیاند کە لە بواری دیپلۆماسیدا حەوت
مەرجمان خستووەتە بەردەم ئەمریکییەکان، تاوەکو ئەو حەوت مەرجەمان بۆ جێبەجێ نەکەن،
نە تەنگەی هورمز دەکرێتەوە و نە هیچ دانوستاندنێکیش لەگەڵ واشنتندا دەکرێت."

.jpg&w=3840&q=75)

