رووداو دیجیتاڵ
لە شاری (لەیکوود) لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لەنێوان پۆلیس و گومانلێکراوێک روودەدات و بەهۆیەوە پۆلیسێک و چەکدارەکە دەکوژرێن. هەروەها سێ پۆلیسی دیکە و هاووڵاتییەکی سڤیلیش بریندار دەبن.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، میدیای ئەمریکا لە زاری پۆلیسی شاری (لەیکوود)ەوە بڵاویانکردەوە، رووداوەکە لەنێو پاسێکی گشتی یان نزیکی روویداوە. کاژێر 6:30ی ئێوارە (بەکاتی ئەمریکا) دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی کەسێکی گوماناوی، مەفرەزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە بەڵام گومانلێکراوەکە دەستبەجێ دەستڕێژی لێکردوون.
کوژرانی تۆمەتبارەکە
جۆن رۆمیرۆ، گوتەبێژی پۆلیسی (لەیکوود) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شوێنی رووداوەکە گوتی، پێدەچێت تەقەکردنەکە لەنێو پاسەکەدا روویدابێت، کاتێک گومانلێکراوەکە هەوڵی داوە سەربکەوێت، یەکسەر تەقەی لە پۆلیس کردووە. پۆلیسێکی کوشت و هاووڵاتییەکی سڤیلیش کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوو، بریندار بوو.
پۆلیسیش وەڵامی تەقەکەی داوەتەوە و گومانلێکراوەکەی کوشتووە.
رۆمیرۆ ئاماژەی بەوە کرد، پێدەچێت پێشتر لە هەمان رۆژدا ئەو گومانلێکراوە لە رووداوێکی دیکەدا بەشدار بووبێت.
تەندروستیی بریندارەکان و کاردانەوەکان
تاوەکو ئێستا پۆلیسی لەیکوود ناوی کوژراو و بریندارەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رایگەیاند، بریندارەکان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
تووندوتیژیی چەکداری و هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین کێشە ئەمنییەکان. ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین رووداوی هاوشێوەی تەقەکردنی بەخۆیەوە بینیوە کە تێیدا پۆلیس و هاووڵاتییان بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا، زۆربەی ئەو رووبەڕووبوونەوانە لە کاتی وەڵامدانەوەی خێرای پۆلیس بۆ بەدواداچوونی کەسانی گوماناوی یان لە کاتی پشکنینی ئاسایی روودەدەن کە تێیدا چەکدارەکان دەستبەجێ چەک بەکاردەهێنن.
.jpg&w=3840&q=75)

