رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر گوشارێکی تووندی راوێژکارانی باڵا و هاوپەیمانە دەرەکییەکاندایە بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر راگرتنی جەنگی ئێران یان دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە فراوانەکان.
رۆژی شەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند: "ئێستا ئێمە بڕیار دەدەین؛ پێم باشترە ئەگەر بکرێت بەشەکەی دیکەی وڵاتەکە وێران نەکەم، بەڵام لەوانەیە ناچاربم ئەوە بکەم. زۆر بەمزووانە دەزانن."
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی لێکەوتەکانی جەنگەکە و بەئامانجگرتنی ئێران گوتیشی: "هیچ بژاردەیەکی دیکەم لەبەردەمدا نەبوو جگە لە قبووڵکردنی باجی سیاسی بۆ بەئامانجگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. ئەگەر جارێکی دیکەش بگەڕێمەوە هەمان دۆخ، دەبێت هەر هەمان شت بکەمەوە، چونکە لە درێژخایەندا ئەوە تەنیا وەڵامە."
بە گوێرەی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە نێو ئیدارەی ئەمریکادا دابەشبوونێکی روون لە نێوان بەرپرساندا دروستبووە؛ بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشوەختە بە ترەمپی راگەیاندووە کە بەنیازە هۆکاری دۆڕانی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول بخاتە ئەستۆی جەنگەکە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکات.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، هاوشێوەی ڤانس، داوای لە ترەمپ کردووە پشتگیریی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێککەوتن و کردنەوەی تەنگەی هورمز بکات. لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ و وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت پێداگری لەسەر تووندکردنەوەی سزاکان و بەردەوامیی گەمارۆدانی بازرگانیی ئێران دەکەن.
لە بەرەی سەربازیشدا، بەپێی بەرپرسانی ئەمریکی، پێت هێگسەس، وەزیری جەنگ و براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە کاتی پێشکەشکردنی بژاردە سەربازییەکاندا، پشتیوانیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە دژی ئێران پیشانداوە بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەرپرسێکی پنتاگۆن لەم بارەیەوە رایگەیاندووە کە ئەرکی وەزارەتەکەیان تەنیا ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بژاردە سەربازییەکانە بۆ سەرۆک.
رۆژی هەینی، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە پەراوێزی چالاکییەکدا لە ئۆکسفۆردی بەریتانیا رایگەیاند: "نێوەندگیرەکانمان لەم کاتەدا کە ئێمە قسە دەکەین بەردەوامن لە کارکردن بۆ ئەوەی رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بکەن."
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئاگربەست و بڕیارە شاندی ئێرانیش سەردانی دەوحە بکەن، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
لە بەرامبەر ئەم گوشارە دژبەیەکانەدا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ لە بارودۆخێکدا نییە پەلە لە بڕیارداندا بکات، بەتایبەت کە ئابووریی ئێران لە دۆخێکی نالەباردایە و نەوتیش بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت و لە کۆتاییدا ترەمپ باشترین بڕیار لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدات.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست.


