رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوسترالیا بڕیاریدا بە ناچارکردنی کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد بەوەی لەکاتی هەر دزەکردنێکی بابەتی ئەمنیدا دەستبەجێ حکومەت ئاگادار بکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بریکارێکی سەر بە کۆمپانیای OpenAI بەبێ مۆڵەت چووە نێو ماڵپەڕێکی فەرمیی کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتەوە.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستەیەکی نوێی چاودێری بۆ بواری ژیریی دەستکرد دادەمەزرێنێت، بۆئەوەی سەرپەرشتیی لایەنی ئەمنی بکات و سزای قورس بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا بسەپێنێت کە یاساکان پێشێل دەکەن.
ئەلبانیز گوتیشی، لە چوارچێوەی هەنگاوە نوێیەکاندا پێداچوونەوە بە یاسای سزاداندا دەکەن بۆئەوەی لێپرسینەوەی یاسایی لە ئەگەری "خراپ بەکارهێنانی مەترسیدار"ی ژیریی دەستکرد بکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە یاسا لە پێشهاتەکان خێراتر بێت، چونکە جیهان بە خێراییەکی زۆر بەرەو پێشەوە دەچێت."
حکومەتی ئوسترالیا لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ ئاشکرای کرد، بریکارێکی کۆمپانیای OpenAI، لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەیەک لەسەر خەرجییە پزیشکییە گشتییەکان، چووەتە نێو دەروازەی ئامارە پزیشکییەکانی سیستمی بیمەی تەندروستیی گشتیی وڵاتەکە. لە بەرامبەردا، کۆمپانیای OpenAI رایگەیاند، رووداوەکە "بە مەبەست نەبووە" و هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستکاریی داتای نەخۆشەکان کرابێت یان بردرابێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، هەردوو کۆمپانیای OpenAI و رکابەرەکەی Anthropic، مانگی رابردوو لەبەردەم پەرلەمانی ئوسترالیا پشتیوانیی خۆیان بۆ دەرکردنی یاسایەکی لەو شێوەیە دەربڕی. بڕیاریشە حکومەتی ئوسترالیا ساڵی داهاتوو پرۆژەیاساکە پێشکێشی پەرلەمان بکات.
ئوسترالیا بە یەکێک لە دەستپێشخەرترین و تووندترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت لە دانانی سنوور بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیا.
پێشتریش ناکۆکی کەوتبووە نێوان کانبێرا و کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد، دوای ئەوەی ئوسترالیا رەتیکردەوە کۆمپانیاکانی وەک OpenAI لە یاسای مافی لەبەرگرتنەوە (کۆپیڕایت) ببەخشێت، ناچاری کردن بۆ راهێنانی مۆدێلە زیرەکەکانیان لەسەر بەرهەمی نووسەران و میدیاکانی وڵاتەکە، دەبێت گرێبەستی مۆڵەتپێدان واژۆ بکەن.
هاوکات لەم دواییانەشدا ئوسترالیا هەنگاوی نا بۆ قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مێرمنداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی داتا و سەلامەتیی هاووڵاتییانی لە بەرامبەر زلهێزە تەکنەلۆژییەکانی جیهاندا.



