رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئابووریی جیهان بە خێرایی بەرەو داماڵینی پشتبەستن بە نەوت و بەکارهێنانی فراوانی ژیریی دەستکرد هەنگاو دەنێت، پرسی ئامادەیی عێراق بۆ پێشەنگایەتیکردنی شۆڕشی دیجیتاڵی، بووە تەوەری سەرەکیی پانێڵێکی تایبەتی پەیمانگەی "چاتام هاوس" لە لەندەن، کە بە بەشداریی وەزیری ئابووریی دیجیتاڵیی عێراق، شارەزایانی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەڕێوەچوو.
وەزیری ئابووریی دیجیتاڵی: بەغدا بەرەو کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت هەنگاو دەنێت
محەممەد عەبدولڕەزاق، وەزیری ئابووریی دیجیتاڵی و حوکمڕانیی عێراق، کارنامەی کابینەکەی لە چاتام هاوس خستەڕوو و گوتی: "دامەزراندنی ئەم وەزارەتە بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی بیرۆکراسیی نوێ نییە، بەڵکو گۆڕینی بنەڕەتیی دیدگای دەوڵەتە بۆ تەکنەلۆژیا، تاوەکو لە رۆتینەوە ببێتە بزوێنەری ئابووری و رەخساندنی کار بۆ گەنجان."
وەزیری ئابووریی دیجیتاڵی باسی ئامانجی دامەزراندنی وەزارەتە تازەکەی حکومەتی عێراقی کرد و گوتی: "ئامانجمان تێپەڕاندنی قۆناخی وابەستەییە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهات. کار دەکەین بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی ژیریی دەستکرد، هەروەها دروستکردنی سەنتەری گەورەی داتا (Data Centers) لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گووگڵ و ئەمازۆن لەنێو خاکی عێراقدا، تاوەکو داتای هاووڵاتییان لە دەرەوە کۆنترۆڵ نەکرێت و دەستکەوتی دارایی بۆ وڵات مسۆگەر بکات."
عەبدولڕەزاق جەختی لەوەش کردەوە کە گۆڕینی مامەڵەی کاخەز بۆ ئەلیکترۆنی دەبێت رێکارەکان خێرا بکات و هاوئاهەنگ لەگەڵ بانکی ناوەندی شەڕی گەندەڵی بکات، ئاشکراشی کرد کە رەشنووسی یاسای وەزارەتەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمان.
ئەوس سەعدی: کێشەی بنەڕەتی قەیرانی متمانەی هاووڵاتییە
لە گۆشەنیگایەکی رەخنەگرانەوە، ئەوس سەعدی، سەرۆکی رێکخراوی تەکنەلۆژیا بۆ ئاشتی و سەرۆکی کۆڕبەندی حوکمڕانیی ئینتەرنێت لە عێراق تیشکی خستە سەر بەربەستە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان و گوتی: "گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم ئەم وەرچەرخانەدا نەبوونی متمانەی هاووڵاتییە. کاتێک سەدان ئەپڵیکەیشن دروست دەکرێن بەڵام متمانە نەبێت، بێسوود دەبن؛ هاووڵاتی دەپرسێت ئەگەر پارەکەم لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە دزرا کێ دەمپارێزێت؟ ئەگەر ئەکاونتێکی ساختەم بۆ دروستکرا چۆن مافم وەردەگیرێتەوە؟"
سەعدی هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی نادروستی ژیریی دەستکرد لە ساختەکردنی دەنگ و وێنەی کەسایەتییەکان (Deepfake) بۆ دروستکردنی پشێوی، لە کاتێکدا ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوە و لێکۆڵینەوە لە تاوانی ئەلیکترۆنی لە وڵاتدا هێشتا زۆر سەرەتایین.
سالی حەمەندی: کۆمپانیا جیهانییەکان نابێت تەنیا عێراق بە بازاڕی ساخکردنەوە بزانن
سالی حەمەندی، راوێژکاری باڵای ستراتیژیی پەیوەندییەکان و بەرپرسی پێشووی کۆمپانیای ئەپڵ (Apple)، جەختی لەوە کردەوە کە نابێت کۆمپانیا جیهانییەکان تەنیا وەک کڕیار سەیری عێراق بکەن: "کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ، گووگڵ و هواوی سوودێکی زەبەلاح لە بازاڕی عێراق دەبینن؛ دەبێت هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەکە پابەند بکرێن بە دروستکردنی ئەکادیمیای تایبەت بە کۆدنووسین و پێگەیاندنی هەزاران گەنجی عێراقی."
حەمەندی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی زیادبوونی خێرای دانیشتووان (ساڵانە یەک ملیۆن کەس)، مەحاڵە وڵات بە شێوازی کلاسیکی بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ سەرخستنی ژیریی دەستکرد لە کەرتەکانی پەروەردە و وزەدا، پێویستە پێشوەختە ژێرخانی کارەبای بەردەوام و ئینتەرنێتی جێگیر دەستەبەر بکرێت.
هۆشداری لە مەترسییە ژینگەییەکانی تەکنەلۆژیا
لە بەشی پرسیاری ئامادەبوواندا، د. جیهان بابان، سەرۆکی کۆمەڵەی ژینگە و تەندروستیی عێراقی لە بەریتانیا، لایەنێکی شاراوەی ئەم شۆڕشەی ورووژاند و گوتی: "تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لە رووی ژینگەییەوە بێزیان نین؛ سەنتەرەکانی داتا و سیستەمەکانی کلاود بڕێکی خەیاڵی لە کارەبا و وزە دەسووتێنن، هاوکات پاشماوە ئەلیکترۆنییەکانیش ژەهراوین؛ ئایا عێراق هیچ پلانێکی هەیە تاوەکو لە داهاتوودا دووچاری کارەساتی ژینگەیی بەهۆی ئەم پاشماوانە نەبێتەوە؟"
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، بەشداربووان لەسەر ئەو خاڵە کۆک بوون کە وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە عێراق بە تەنیا بە کڕینی ئامێری مۆدێرن بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە هاوسەنگییەکی دروستە لەنێوان چاکسازیی یاسایی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، راهێنانی توانای گەنجان و بەدەستهێنانی متمانەی شەقام، تاوەکو ئابووریی عێراق لە قەفەسی نەوت رزگار بکرێت.



