رووداو دیجیتاڵ
لێکەوتە مەترسیدارەکانی هێرشی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پچڕانی کارەبای 10 ملیۆن هاووڵاتی و داهاتووی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بوونە تەوەرە سەرەکییەکانی پانێڵێکی تایبەتی پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، کە بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو.
کریسێنت پترۆلیۆم: 12 جار هێرشمان کراوەتە سەر
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم (کە بەشدارە لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکە)، قەبارەی زیانەکانی خستەڕوو و گوتی: "لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا زیاتر لە چوار ملیار دۆلارمان لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان کردووە، کەچی تەنیا لە چوار ساڵی رابردوودا کێڵگەکە 12 جار بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ئاماژەی بەوە دا بەهۆی ئەم هێرشەی دوایی و راگرتنی بەرهەمهێنان، نزیکەی 10 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوون و نرخی بوتڵی گازی ماڵان لە بازاڕەکاندا زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەوە.
مەجید جەعفەر هۆشداریشی دا: "بەبێ دابینکردنی پاراستنی راستەقینەی مەیدانی بۆ دامەزراوەکان و سزادانی تاوانباران، ناکرێت بەرهەمهێنان تەنیا لەسەر بنەمای نووسینی راپۆرتی لێکۆڵینەوە دەستپێبکاتەوە."
ئەحمەد موفتی: ناکرێت بە درۆنێکی 20 هەزار دۆلاری کێڵگەیەک پەکبخرێت
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر هەستیاریی کەرتی گاز بۆ ئابووریی عێراق و گوتی: "ناکرێت بە درۆنێکی 20 هەزار دۆلاری کێڵگەیەک لەکاربخرێت کە بەرهەمەکەی 750 ملیۆن پێ سێجایە و کارەبا بۆ 8 ملیۆن کەس دابین دەکات، بە جۆرێک نرخی بوتڵی گاز لە هەولێر و سلێمانی لە 8 هەزارەوە بۆ 30 هەزار دینار بەرزببێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ 6 کاژێر داببەزێت."
موفتی دەنگۆی دەستوەردانی ناوخۆیی لە هێرشەکان رەتکردەوە و گوتی: "کێ ماڵی خۆی دەسووتێنێت و کارەبا و گاز لە خەڵکی خۆی دەبڕێت؟ پێویستە هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنە باڵاکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بن."
قسەکانی موفتی وەڵامێک بوون بۆ باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کە لە پانێڵێکی پەیمانگەی چاتام هاوس باسی لە هێرشەکەی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر کرد و گوتی: "هێرشەکە بابەتێکی تەواو جیاوازە. ئەوە بابەتێکی دیکەیە، ئێستا هەمووان دەزانن کە قەیرانێک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، قەیرانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە."
بەدری لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا کە گوتبووی درۆنەکە لە خورماتووەوە ئاراستە کراوە، گوتی: "چۆن؟! ئەم بەڵگانە لە کوێن؟ ئەمانە زانیاریی ئەمنین یان میدیایی؟ ناکرێت دەوڵەت بڕیاری خۆی لەسەر زانیاریی راگەیاندن بنیات بنێت، پێویستە داتای ئەمنی و هەواڵگریی پشتڕاستکراوەت لەبەردەستدا بێت تاوەکو بتوانیت لێدوانی لەسەر بدەیت. چونکە زۆر بە سادەیی دەتوانم بە هەمان شێوە وەڵامت بدەمەوە و بڵێم، رەنگە لایەنێکی کوردی ئەو هێرشەی کردبێت، ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین لایەنی گرووپەکان بووە یان لایەنێکی دیاریکراو، رەنگە لایەنێکی دەرەکیش بووبێت، بۆیە پێویستە لەم بابەتەدا زۆر وردبین بین."
سەبارەت بە بکەرانی هێرشەکە، باسم بەدری گوتی: "گرنگ ئەوەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاماژە و بەڵگەی پێویست لەبەردەستدان، بە تایبەت بۆ ئەم هێرشەی دوایی، من خۆم زانیاریی تەواوم هەیە لەسەر سروشت، جۆر و تەنانەت رێڕەوی هێرشەکەش، بەڵام ئێستا گونجاو نییە لێدوانی لەبارەوە بدەم، چونکە ئەو بابەتە بۆ لیژنە لێکۆڵەرەوەکان جێدەهێڵین."
ئەحمەد موفتی ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کرد لەبارەی دۆسیەی نەوت و گوتی: "هەرێمی کوردستان بەپێی رێککەوتن پێشبینیی رادەستکردنی 265 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی بە کۆمپانیای سۆمۆ داوە و کورد هاوبەشێکی راستەقینەی عێراقە."
بەغدا: بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 7 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکەین
لە گۆشەنیگای حکومەتی فیدراڵییەوە، شێخ موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، بەغدا کار دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی پێنج ملیۆنەوە بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە لە رێگەی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک ئێکزۆن مۆبیل و شێڤرۆن.
مەندەلاوی باسی لە لێکەوتەکانی داخستنی تەنگەی هورمز کرد و گوتی، ئەو ئاڵۆزییانە سەلماندیان کە دەبێت عێراق رێڕەوی جێگرەوە بدۆزێتەوە؛ هەربۆیە کار لەسەر راکێشانی هێڵی بۆریی نەوتی (بەسرە - حەدیسە - بانیاس) بەرەو دەریای ناوەڕاست بە توانای دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دەکرێت، هاوشانی هێڵێکی نوێی بۆریی گازی باشوور بۆ باکوور بە قەبارەی دوو ملیار پێ سێجا.
تۆتاڵ: وەبەرهێنانەکەمان لە عێراق بەردەوامە
لە لایەکی دیکەوە، دونیای چەلەبی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیز لە عێراق رایگەیاند، سەرەڕای جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکە، پرۆژە 27 ملیار دۆلارییەکەیان بەردەوامە و توانیویانە 500 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر بەرهەمبهێنن و بەرهەمی نەوتی کێڵگەی ئەرتاویش بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزبکەنەوە.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، رەعد قادری، شرۆڤەکاری باڵای مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا داهات نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دەسەڵات و مۆدێلی نەچەسپاوی فیدراڵیزمەوە هەیە دوای 2003، جەختیشی کردەوە کە بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەوتی عێراق بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل، پێویستی بە پلانێکی کردەیی و ژێرخانێکی تۆکمەیە نەک تەنیا بەڵێنی سیاسی.


