رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆد بلانش، حاکمی گشتیی ئەمریکا ماوەی چەند مانگێکە لە بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی واشنتن دی سی نیشتەجێ بووە، بەمەش چووە پاڵ ئەو لیستەی بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازی دەژین.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، بلانش لە سەرەتای ئەمساڵەوە گواستراوەتەوە، بەڵام وردەکاریی هۆکارەکەیان ئاشکرا نەکردووە. لەنێو ئەو بەرپرسە باڵایانەی دیکەدا کە لە بنکە سەربازییەکان نیشتەجێ بوون، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەیە، کە بەم دواییانە لەنێوەندی راپۆرتەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی پەیوەست بە ئێران، شوێنی نیشتەجێبوونی گواستەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە فۆکس نیوزی راگەیاندووە: "دوای ئەوەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بابەتێکی بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی ئۆنلاینی تێدابوو و رێگەی دەدا شوێنی ماڵەکەی وەزیری گەنجینە لە جۆرج تاون دەستنیشان بکرێت، نیگەرانییە ئەمنییەکان زیادیان کرد، ئەمەش وەزیرەکەی ناچار کرد بۆ سەلامەتیی خۆی بگوازێتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی."
ئەم رێکارانە بەرپرسە مەدەنییە باڵاکانی لەو خانووانەدا جێگیر کردووە کە بە شێوەیەکی نەریتی بۆ سەرکردە سەربازییەکان تەرخانکراون، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە کە لە هەڕەشەی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستپێدەکات تاوەکو ترس لە تۆڵەسەندنەوەی ئێران و تووندوتیژیی سیاسیی ناوخۆیی.
پێشتریش پام بۆندی، حاکمی گشتیی پێشوو، بە بێدەنگی لە شوقەکەی لە واشنتنەوە گواسترایەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازی دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان ئاماژەیان بە هەڕەشەی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر و کاردانەوەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئێپستین کرد.
بەپێی راپۆرتەکان، هەریەک لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ، لە بنکەی سەربازیی فۆرت مەکنەیر لە واشنتن نیشتەجێ بوون، لە کاتێکدا ستیڤن میلەر، گەورە بەرپرسی کۆشکی سپی و چەند بەرپرسێکی دیکە گواستراونەتەوە بۆ بنکە سەربازییەکان یان خانووە حکومییە پارێزراوەکان. پێشتریش کریستی نۆیم، وەزیری پێشووی ئاسایشی ناوخۆ و دانیێل دریسکۆڵ، وەزیری سوپا شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازییان بەکارهێناوە.
بنکەی سەربازیی فۆرت مەکنەیر کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە سەر رووباری پۆتۆماک، زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لەخۆدەگرێت و بە شێوەیەکی نەریتی شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندە باڵاکانی سوپایە. بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئەمریکا، هەردوو بنکەی فۆرت مەکنەیر و فۆرت مایەری نزیکی، پێکەوە 88 یەکەی نیشتەجێبوونی مێژووییان تێدایە.



