رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا و ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، پۆلیس لە هەڵمەتێکی گەورەی جیهانیدا دژی بەکارهێنەرانی دارک وێب 354 کەسیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر، چەک و پارەدا گرتووە.
ئاژانسی پۆلیسی یەکێتیی ئەورووپا (یۆرۆپۆل) رایگەیاند، لە نێوان مانگی ئایاری 2025 و تشرینی یەکەمی 2026دا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ئەمنییەکان، هەڵمەتێکی جیهانییان بە ناوی نهێنیی ئۆپەراسیۆنی تۆرنادۆ بەڕێوەبردووە، کە تێیدا سەدان هەڵکوتانەسەر لە سەرتاسەری جیهان ئەنجامدراون.
زۆرترین ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە کە 132 کەسن، دواتر بەریتانیا بە 59 کەس، هەنگاریا بە 45 کەس، ئەڵمانیا بە 41 کەس و فەرەنسا بە 23 دەستگیرکراو دێن.
کریستۆفەر رایا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی: "ئۆپەراسیۆنی تۆرنادۆ رووبەڕووی یەکێک لە هەرە مەترسییە بەپەلەکانی سەر سەلامەتیی گشتیی سەردەمەکەمان بووەوە، ئەویش بازرگانیکردنە بە فێنتانیل و ماددە هۆشبەرە کوشندەکانی دیکە لە رێگەی تۆڕی تاریکەوە."
رایا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتداران توانیویانە ناسنامە ئۆنلاینەکان ببەستنەوە بە تاوانبارە راستەقینەکانەوە، شوێنپێی مامەڵە داراییە نایاساییەکان هەڵبگرن و بەشە سەرەکییەکانی ئەو ژێرخانە هەڵبوەشێننەوە کە رێگەی بە کارکردنی ئەم تۆڕانە دەدا.
یۆرۆپۆل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکە "خۆگونجاندن و خۆڕاگریی پەرەسەندووی بازاڕەکانی تۆڕی تاریکی دەرخستووە کە سەرەڕای داخستنیان، بەردەوامن لە خۆڕێکخستنەوە." بەڵام بەرپرسەکەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە دەبێت ببێتە "هۆشدارییەک" بۆ هەر کەسێک کە هەوڵ بدات دارک وێب بۆ فرۆشتنی فێنتانیل و ماددە هۆشبەرە مەترسیدارەکانی دیکە بەکاربهێنێت و گوتی: "ئەو نەناسراوییەی پێتانوایە دەتانپارێزێت، قەڵخان نییە. جا چ لە ژێرزەمینێک، کۆگایەک، ئەوبەری شەقامەکە یان ئەوبەری دەریاوە کار بکەن، ئێمە بێ وچان کار دەکەین بۆ راگرتنتان."
بەپێی ئامارەکان، لە ئەورووپا دەست بەسەر نزیکەی یەک تۆن ماددەی هۆشبەری نایاساییدا گیراوە، لەوانە ئەمفیتامین، کیتامین، ئێم دی ئێم ئەی، کۆکاین و حەشیش. لە ئەمریکاش دەست بەسەر زیاتر لە 4.8 تۆن ماددەی هۆشبەر، 152 پارچە چەک، لەگەڵ بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ (166 ملیۆن دۆلار) بە شێوەی پارەی کاش و دراوی دیجیتاڵیدا گیراوە. بەرپرسان راشیانگەیاند کە هێزەکانی پۆلیسی 14 وڵات بەشدارییان لەم ئۆپەراسیۆنەدا کردووە.



