رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێ، لە رۆژانی داهاتوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین یەکەمین کۆبوونەوەی مێژوویی سێقۆڵی لە شاری شێنجەنی چین ئەنجام دەدەن.
بەپێی بەرپرسانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی رۆژی پێنجشەممەدا ترەمپ دەیەوێ باسی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و جەنگی ئێران بکات.
ئۆلیڤیا وەیڵز، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی لووتکەی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا (پسیفیک) لە باشووری چین دەبێ و گوتی: "سەرۆک روونی کردووەتەوە کە لە نێو مژارەکانی دیکەدا، باسی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا دەکات. سەرۆک ترەمپ پێی وایە بڵاوبوونەوەی ئەم چەکە زۆر مەترسیدارە."
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "پێشبینی دەکەم سەرۆک بەڕاستی مەبەستی بێت لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەدا لەگەڵ شی جینپینگ و ڤلادیمێر پووتیندا باسی ئێران بکات."
بەرپرسێکی ئەمریکی باسی لەوە کرد، ئەگەری کەمە لە کۆبوونەوەکەدا باسی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بکرێ و لە بارەی هۆکارەکەش ئاماژەی بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێردەکانی ئەمریکا لەگەڵ پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد و گوتی، واشنتن "رێڕۆیەکی دیکەی تەواو جیاواز" لە دانوستاندنەکان لەگەڵ کیێڤ و مۆسکۆدا بەڕێوەدەبات و "چین بەڕاستی بەشێک نییە لەو رێڕۆیە، بۆیە گونجاو نییە لەوێ باس لە جەنگی ئۆکراینا بکرێ."
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس لەم گەشتەدا یاوەریی ترەمپ دەکات بۆ چین، بەڵام بەشداری لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی جینپینگ و پووتین ناکات. هاوکات ترەمپ رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوە و نانی نیوەڕۆی دووقۆڵیی لەگەڵ سەرۆکی چین دەبێت کە دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوەیان لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، بەڵام خشتەی هیچ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان ترەمپ و پووتیندا دانەنراوە.
سەبارەت بە مژارە ئابووری و تەکنەلۆژییەکان، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە پرسی دەستلەکارکێشانەوەی جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینڤیدیا بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ کەسێک کە تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن بۆ چین، هەروەها پرسی کۆنترۆڵکردنی هەناردەی تەکنەلۆژیای چیپە هەستیارەکان لە کۆبوونەوەکاندا باس ناکرێ و گوتی: "ئێمە دانوستاندن لەسەر کۆنترۆڵی هەناردەی ئەمریکا ناکەین. ئەمانە پرسی ئاسایشی نیشتمانین."
بڕیارە ترەمپ رۆژی دووشەممە واشنتن جێبهێڵێت و رۆژی سێشەممە بگاتە فلیپین بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، پێش ئەوەی بەرەو شاری شێنجەنی چین بەڕێبکەوێ.
ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە لە کاتێکدایە، ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران هێشتا هەیە و واشنتن لە هەوڵی تووندترکردنی گەمارۆکاندایە.
لە پاڵ دۆسیەی ئێراندا، ئیدارەی ترەمپ نیگەرانیی قووڵی خۆی لە خێرایی گەشەسەندنی کۆگای چەکی ئەتۆمیی چین دەربڕیوە و هەوڵ دەدات بەیژینگ بباتە نێو گفتوگۆکانی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی. هاوکات پەیوەندییەکانی واشنتن و بەیژینگ لە بواری تەکنەلۆژیا و نیمچەگەیێنەرەکان (چیپەکان) بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، بەتایبەت دوای ئابڕووچوونە ئەمنییەکەی کۆمپانیای ئینڤیدیا کە واشنتن بە پرسێکی تەواو ناوخۆیی و پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت.



