رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەیەک رووداوی ئەمنیی گوماناوی، سوپای ئەمریکایان ناچار کردووە بە خێرایی فڕۆکە سەربازییە ستراتیژییەکانی لە بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیا بگوازێتەوە و ئاستی ئامادەبایی هێزەکانی لەو وڵاتە بخاتە بەرزترین ئاست.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکی، واشنتن لە دوو مانگی رابردوودا (تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)، دوو جار بەپەلە فڕۆکە سەربازییەکانی لە بنکەکانی بەریتانیا کشاندووەتەوە، دوای ئەوەی زانیاریی هەواڵگریی بەدەستگەیشتووە کە ئێران پلانی هێرشکردنە سەر ئەو بنکانەی هەیە. هاوکات مانگی رابردوو دوو هاووڵاتیی لاتڤی بە شێوەیەکی گوماناوی لە نێو بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا دەستگیرکران کە سەربازانی ئەمریکای تێدا جێگیرن.
لە نوێترین پێشهاتدا ئێوارەی رۆژی هەینی 13ی تشرینی دووەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بنکەی سەربازیی (لەیکنهێس) لێدرا کە گەورەترین ناوەندی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایە لە ئەورووپا، دوای ئەوەی جووڵەیەکی گوماناوی و رێگەپێنەدراوی درۆن لە ئاسمانی بنکەکەدا بەدیکرا و داوا لە سەربازان و کارمەندان کرا لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە.
ئەم پێشهاتانە بەو جۆرە لێکدەدرێنەوە کە دەکرێ ئەنجامی بڕیارەکەی لەندەن بن بۆ رێگەدان بە ئەمریکا تاوەکو لە بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیاوە هێرش بکاتە سەر ئێران.
بایەخی ستراتیژیی بنکەکانی بەریتانیا بۆ ئەمریکا
سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا زۆرترین هێزی ئەمریکی لەسەر ئاستی ئەورووپا تێدا جێگیر نەکراوە، بەڵام بنکە ئاسمانییەکانی بۆ سوپای ئەمریکا بێ جێگرەوەن، بەتایبەت دوو بنکەی سەرەکی:
بنکەی ئاسمانیی میڵدنهۆڵ: ئەم بنکەیە تاکە بنکەی هەمیشەیی فڕۆکە سووتەمەنیهەڵگرەکانی ئەمریکایە لە جۆری KC-135 لە سەرتاسەری ئەورووپا کە رۆڵی کاریگەریان هەیە لە گەیاندنی هێزەکانی ئەمریکا بە هەر خاڵێکی جیهان. بەپێی داتاکانی چاودێریی فڕین، رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەمریکا بەپەلە 10 فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگری لەو بنکەیە گواستوەتەوە دوای گەیشتنی زانیاریی هەواڵگریی "متمانەپێکراو" لەسەر هەڕەشەیەکی ئێرانی.
بنکەی ئاسمانیی فێیەرفۆرد: بەهۆی درێژیی فڕگەکەیەوە، یەکێکە لەو بنکە دەگمەنانەی ئەورووپا کە توانای پێشوازیکردنی لە هەرسێ جۆرە فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییە مەودا درێژەکانی ئەمریکا هەیە. ئەمریکا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری (B-1)ـی لەم بنکەیەوە بۆ بۆردوومانکردنی سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز بەکارهێنا.
گۆڕینی ستراتیژیی ئێران و هەڕەشە لە ئەورووپا
کێن مەکاڵم، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی بەریتانیا باس لەوە دەکات کە تاران ستراتیژیی خۆی گۆڕیوە و ئێستا هەوڵ دەدات لە دەرەوەی سنوورەکانی، دامەزراوە سەربازییە تووندوتۆڵەکان بکاتە ئامانج. بە گوتەی مەکاڵم، هەرچەندە پشتبەستنی ئێران بە "بەکرێگیراوەکان" تواناکانی لە ئەورووپا سنووردار کردووە و دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە رێگرییان لێبکەن، بەڵام هەڕەشەکان تەنیا بەریتانیایان نەگرتووەتەوە.
هەفتەی رابردوو رۆژنامەی (هەمشەهری)ئێران، نەخشەی ئەورووپای بە نیشانەی سوور لەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و یۆنان بڵاوکردەوە و هەڕەشەی کرد کە "دەبینین چی روودەدات". هاوکات لە فەرەنساش، دەسەڵاتداران سوپای پاسدارانیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ساردکەرەوەی زنجیرە مارکێتەکان کە بووە هۆی تێکچوونی کاڵای نزیکەی 700 فرۆشگا.
بەپێی داتا فەرمییەکانی لەندەن، نزیکەی 12 هەزار و 300 سەرباز و کارمەندی بەرگریی ئەمریکا لە بەریتانیا جێگیرکراون. هەرچەندە ئەم ژمارەیە هاوشێوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئیتاڵیا و زۆر کەمترە لەو هێزانەی لە ئەڵمانیا جێگیرکراون (کە بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی ئەمریکای لە ئەورووپا لێیە)، بەڵام ژێرخانی تەکنیکی و جوگرافیای بەریتانیا وای لێکردووە ببێتە خاڵی یەکەمی هەڵفڕینی فڕۆکە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لویز کیتڵ، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و ئێران لە زانکۆی نۆتینگهام پێی وایە، دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لاوازبوونی بەرەی هاوپەیمانەکانی تاران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (کە بە ستراتیژیی بەرگریی پێشوەختە ناسرابوو)، ئێران ئێستا پەنای بردووەتە بەر جەنگی سێبەر و هێرشی ناڕاستەوخۆ لە ئەورووپا، بە ئامانجی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن، لەندەن و تەلئەڤیڤ.



