رووداو دیجیتاڵ
فینلاند هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی دووەمدا داهاتی باج لەسەر بنەمای داهاتی دانیشتووانەکەی بڵاودەکاتەوە. بۆ باجی 2025ـیش ناوێک لە لووتکەی لیستەکەدا بۆ زۆربەی خوێنەران نوێ بوو. سابیر کوردستانی، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای (هۆستئەوەی) و خاوەنکاری بواری نەرمەکاڵا.
سابیر کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بە کۆی داهاتی 42,524,501 یۆرۆ (42.5 ملیۆن یۆرۆ) پلەی سێیەمی زۆرترین داهاتی لەسەر ئاستی فینلاند گرتووە. دەزگای ئاماری فینلاندی ئەو هاونیشتمانییە وەک یەکەمین کۆچبەری نائەورووپی ناودەبات کە گەیشتبێتە لووتکەی لیستی داهاتی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی داتای باجی ساڵی 2025، کۆی داهاتی سابیر کوردستانی گەیشتووەتە 42,524,501 یۆرۆ. بە گوێرەی میدیای فینلاند، نزیکەی 14.3 ملیۆن یۆرۆی ئەم بڕە داهاتی کارکردن بووە و 28.2 ملیۆن یۆرۆیشی داهاتی سەرمایە بووە؛ هاوکات بڕی باجەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 16.9 ملیۆن یۆرۆ، بەمەش بووەتە سێیەم گەورەترین باجدەری فینلاندی.
ئەمە یەکەمجار نییە ناوی ئەو هاونیشتمانییە لە نزیک لووتکەی لیستەکەدا دەبینرێ. بەپێی راپۆرتی میدیای فینلاند، ئەو هاونیشتمانییە لە ساڵی 2023یشدا نزیکەی 21 ملیۆن یۆرۆ داهاتی هەبووە، زیاتر لە 7.5 ملیۆن یۆرۆ باجی داوە و لە پلەی یازدەیەمی فینلاند بووە.
لە خەوتن لەسەر زەویی ماڵی هاوڕێیەکییەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆمپانیایەکی یەک ملیار دۆلاری
سابیر کوردستانی نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر بۆ خوێندنی ئەندازیاریی پەیوەندییەکان لە زانکۆی ئاڵتۆ لە ئێرانەوە رووی لە فینلاند کرد. بەگوێرەی میدیای فینلاند، ئەو هاونیشتمانییە لە یەکەم مانگی خۆی لە فینلاند بە خەوتن لە ماڵی هاوڕێیەکی بەسەربرد کە لەسەر زەوی دەخەوت و وەک خوێندکارێک داواکاریی بۆ نزیکەی 70 بۆ 80 کار پێشکەش کرد تاوەکو توانیویەتی یەکەمین کاری خۆی دەستبکەوێت.
هاونیشتمانییەکە یەکێکە لە سێ هاوبەشی دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای هۆستئەوەی و پۆستی بەرپرسی باڵای ستراتیژیی کۆمپانیاکەی هەیە.
بە گوێرەی میدیای فینلاند، کوردستانی لە گەڕێکی گەورەی کۆکردنەوەی سەرمایەی کۆمپانیاکەدا بەشێک لە پشکەکانی خۆی بە وەبەرهێنەرانی سەرمایەی تایبەت فرۆشتووە، هەر ئەم فرۆشتنەش وای کردووە دوو لەسەر سێی کۆی داهاتەکەی داهاتی سەرمایە بێت.
داتاکانی باج تەنیا داهات نیشان دەدەن و سامانی گشتی یان بەهای ئەو پشکانەی هێشتا خاوەندارێتییان دەکات ناگرێتەوە.
چیرۆکی دامەزراندنی هۆستئەوەی و گەیشتن بە قۆناخی "یونیکۆرن"
کۆمپانیای هۆستئەوەی نەرمەکاڵا بۆ ئەو کۆمپانیا و کارانە دروست دەکات کە بەکرێدانی کورتخایەنی موڵک بەڕێوەدەبەن، بە شێوەیەک بەڕێوەبەری موڵک دەتوانێ لە رێگەی یەک سیستمەوە شوقەکان لە ماڵپەڕەکانی وەک ئێیەر ئێن بی و (Booking.com) بخاتەڕوو و کاروبارەکانی نرخ، بە کرێگرتن، خشتەی پاککردنەوە و نامەی میوانەکان بەڕێوەببات.
بیرۆکەی کۆمپانیاکە لە کێشەی کەسیی دامەزرێنەرەکانییەوە سەریهەڵدا. بەپێی راپۆرتێکی ساڵی 2023ـی (Yrittäjät)، میکۆ نورمینن دوو شوقەی لە هێلسنکی لە رێگەی ئێیەر ئێن بی و (Booking.com) بەکرێ دەدا و بەردەوام تووشی کێشەی بەکرێدانی دووبارە دەبوو، لە کاتێکدا مارکوس رادەر کە ئەو کاتە لە تۆرۆنتۆ دەژیا، دەیویست شوقەیەک لە ئەمستردام بەکرێ بدات و ئامرازی کەمی لەبەردەستدا بوو. ئەو دووانە لە کاتی نانی نیوەڕۆدا لە هێلسنکی یەکدییان بینی و لە ساڵی 2015دا لەگەڵ سابیر کوردستانی کۆمپانیای هۆستئەوەیان دامەزراند.
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا لە ساڵی 2020، کۆمپانیاکە خەریک بوو بە تەواوی لەنێوبچێت و لە چەند هەفتەیەکدا نزیکەی نیوەی داهاتەکەی لەدەستدا. بەڵام دامەزرێنەران تیمە سەرەکییەکەیان هێشتەوە و بژاردەی پشکی زیاتریان بە کارمەندان دا. کوردستانی کە پێشتر سەرپەرشتیی بەشی تەکنەلۆژیای دەکرد، بەبێ ئەوەی هیچ ئەزموونێکی پێشووتری لە فرۆشتندا هەبێت، ئەرکی فرۆشتن و بازاڕکردنی گرتە ئەستۆ و تیمی فرۆشتنی ئەمریکای باکووری بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد.
هەنگاوەکانی گەشەکردنی کۆمپانیاکە تاوەکو بوون بە "یونیکۆرن" (کۆمپانیایەک کە بەهاکەی بگاتە یەک ملیار دۆلار) بەم شێوەیە بوون:
ساڵی 2023: کۆمپانیای پی ئێس جی ئیکویتی وەبەرهێنانی لە هۆستئەوەی کرد، کە ماڵپەڕی بی تی ئەی کیت بڕەکەی بە 175 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنێت.
کانوونی یەکەمی 2024: کۆمپانیاکە کۆکردنەوەی 365 ملیۆن دۆلار سەرمایەی گەشەپێدانی بە سەرۆکایەتیی جێنێڕاڵ ئەتڵەنتیک و بەشداریی پی ئێس جی ئیکویتی راگەیاند. ماڵپەڕی تێک کرەنچ بەهای کۆمپانیاکەی دوای ئەو وەبەرهێنانە بە 925 ملیۆن دۆلار خەمڵاند.
تشرینی یەکەمی 2025: کۆمپانیای هۆستئەوەی گەیشتنی بە بەهای یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی راگەیاند و خۆی وەک یەکەمین کۆمپانیای "یونیکۆرن" لە جیهاندا لە بواری نەرمەکاڵای بەڕێوەبردنی موڵکی کرێی کورتخایەن ناساند، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ گەڕێکی نوێی وەبەرهێنان بهێنێت.
کۆمپانیایەکی فینلاندی بەبێ نووسینگە و کڕیاری ناوخۆیی؛ پاسپۆرت رێگرە لە گەشتەکانی
ئەوەی هۆستئەوەی لە کۆمپانیا فینلاندییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە نزیکەی هیچ کارێکی لە ناوخۆی فینلاند نییە. بەگوێرەی میدیای فینلاند، کەمتر لە 0.5%ـی داهاتی کۆمپانیاکە لە فینلاندەوەیە و زۆربەی داهاتەکەی لە ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک، ئوسترالیا و بەریتانیاوە دێت. کۆمپانیاکەش دەڵێت کڕیاری لە زیاتر لە 90 بازاڕی جیهاندا هەیە.
تیمی کۆمپانیاکەش بە هەمان شێوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. میدیای فینلاند ئاماژە بە بوونی نزیکەی 350 کارمەند لە نزیکەی 45 وڵات دەکات کە هەموویان لە دوورەوە کار دەکەن و کۆمپانیاکە هیچ نووسینگەیەکی فیزیکی نییە (کۆمپانیاکە خۆی دەڵێت کارمەندەکانی لە 44 وڵاتن).
ریزبەندیی پێنج زۆرترین داهاتی فینلاند لە ساڵی 2025دا:
میکی کوسی: کۆی داهات 131,601,379 یۆرۆ
ریستۆ سیلاسما: کۆی داهات 63,825,119 یۆرۆ
سابیر کوردستانی: کۆی داهات 42,524,501 یۆرۆ
میکۆ کۆدیسۆیا: کۆی داهات 39,550,304 یۆرۆ
یانێ-ئۆلی یارڤێنپا: کۆی داهات 34,448,110 یۆرۆ



