رووداو دیجیتاڵ
دەستەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەنگاریا رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ وەزیرێکی پێشووی حکومەتەکەی ڤیکتۆر ئۆربان، دەستیان بەسەر بڕی 19.5 ملیۆن دۆلار (17.7 ملیۆن یۆرۆ) پارەی کاشدا گرتووە کە لەنێو دارستانەکاندا شاردرابووەوە و ژێرخاک کرابوو.
رۆژی هەینی 13-11-2026، دەستەکە بڵاویکردەوە، پارەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی میکلۆس سێزتاک، وەزیری پێشووی گەشەپێدانی نیشتمانیی هەنگاریا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 دۆزراوەتەوە، کە تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل لە گرێبەستی کڕینی پاسی دەستی دوو بە نرخێکی خەیاڵی بۆ کۆمپانیای گواستنەوەی دەوڵەت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە پیتەر مەگیار، سەرۆکوەزیرانی ئێستای هەنگاریا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ئەم ساڵدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و کۆتایی بە 16 ساڵ دەسەڵاتی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا؛ مەگیار بەڵێنی دابوو لێکۆڵینەوە لە سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات لە سەردەمی رکابەرەکەیدا بکات.
لە چەند هەفتەی رابردوودا لێکۆڵینەوەکان خێراتر بوون و جگە لە سێزتاک، دوو وەزیری دیکەی سەردەمی ئۆربان و برایەکی سەرۆکوەزیرانی پێشووش لەسەر دۆسیەی جیاوازی گەندەڵی دەستبەسەر کراون.
نووسینگەی نیشتمانی بۆ گەڕاندنەوە و پاراستنی سامان کە دەستەیەکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە و لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی مەگیاردا دامەزراوە، رایگەیاند، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی پشکنینیان بۆ چەندین شوێن کردووە.
نووسینگەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە کاتی پشکنینەکاندا، لێکۆڵەران بڕێکی زۆر پارەی کاشیان دۆزییەوە کە لەنێو دارستانەکاندا ژێرخاک کرابوون، یان لەنێو باڵەخانە کشتوکاڵییەکان، کۆگەکان و خانووی نیشتەجێبوون و قاسەی گرانبەها لە شوێنە دوورەدەستەکاندا شاردرابوونەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، کۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی دوو رۆژی پشکنینەکاندا دەستی بەسەردا گیراوە بریتی بووە لە پێنج ملیار و 71 ملیۆن و 632 هەزار فۆرینتی هەنگاری، دوو ملیۆن و 658 هەزار و 350 یۆرۆ و یەک ملیۆن و 257 هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکی، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە 17.7 ملیۆن یۆرۆ (19.5 ملیۆن دۆلار).
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم پارەکە رادەستی گەنجینەی دەوڵەتی هەنگاریا کراوە.
ئەندراس کارمان، وەزیری دارایی هەنگاریا لە پۆستێکدا لە فەیسبوک نووسیویەتی: "لە کاتی وەرگرتنی پارەکەدا، 12 فەرمانبەری گەنجینە بە بەکارهێنانی پێنج ئامێری پارەژماردن، ماوەی هەشت کاژێریان پێچوو تاوەکو پارەکەیان ژمارد."
پیتەر مەگیار، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارەیەی بە خاڵێکی وەرچەرخان ناوبرد و گوتی: "ئەمە بە فەرمی کۆتاییهاتنی مافیای (فیدێز-کەی دی ئێن پی)ـیە!" وەک ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری پێشووی ئۆربان.
تاوەکو ئێستا ڤیکتۆر ئۆربان هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەم پێشهاتە نوێیە نەبووە، بەڵام پێشتر لێکۆڵینەوەکانی دژی بازنەی نزیکی خۆی بە "چەوساندنەوەی سیاسی" باسکردبوو کە ئامانج لێی زیندانیکردنی خودی خۆیەتی.


