رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین هەفتە لە مشتومڕ لەسەر پەیوەندییە کەسییە گومانلێکراوەکانی و هەوڵدانی بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێنڤیدیا (Nvidia)، قەیرانەکە بە دەستلەکارکێشانەوەی بێ مەرجی جێنسن هوانگ لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەدا کۆتاییهات.
لەم دواییانەدا کە تازە دەنگۆکان بڵاودەبوونەوە، بەگوتەی هاوکارەکانی، هوانگ وازی لە شێوازی بەڕێوەبردنی کۆنترۆڵکەرانەی ئاسایی خۆی هێنابوو و زیاتر دەستەواژەکانی وەک "گرنگ نییە" و "گوێی پێنادەم"ـی بەکاردەهێنا.
بۆ چەندین دەیە، هوانگ بە گرنگیدانە لەڕادەبەدەرەکەی بە وردەکارییەکان ناسرابوو، سەرپەرشتیی هەموو شتێکی دەکرد لە تەلارسازیی چیپەکانەوە بگرە تاوەکو مووچە و پاداشتی فەرمانبەرە ئاساییەکان. لەژێر سەرکردایەتی ئەودا، ئێنڤیدیا لە کۆمپانیایەکی درووستکەری چیپی گرافیکەوە گەشەی کرد بۆ زەبەلاحێکی تەکنەلۆژیای جیهانی کە دەکەوێتە چەقی شۆڕشی ژیریی دەستکردەوە.
بەڵام ئەو پیاوەی کە سەردەمانێک کۆنترۆڵی نزیکەی هەموو وردەکارییەکی کۆمپانیاکەی دەکرد، وا دیارە لە کۆتاییدا خۆی بەدەستەوە دابێت.
هوانگ پەشیمانە
بە گوتەی ئەو کەسانەی لەم رۆژانەی دواییدا قسەیان لەگەڵ کردووە، هوانگ زۆر پەشیمان بووەتەوە و بە تووندی رەخنەی لە خۆی گرتووە.
قەیرانەکە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد، کاتێک راپۆرتەکان بڵاوبوونەوە سەبارەت بە پەیوەندییە گومانلێکراوەکەی لەگەڵ ژنێک بە ناوی ئەلیس هوانگ، کە دەگوترێت بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان هەبووە پەیوەندی بە هەواڵگریی چینەوە هەبێت.
لە سەرەتادا هوانگ رەتیکردەوە ناپاکی هاوسەرگیریی کردبێت، بەڵام رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز لە 6ـی تشرینی دووەم، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە پەیوەندییەکە سۆزداری بووە.
دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی بەشی یاسایی ئێنڤیدیا، دەگوترێت هوانگ دانی بەوەدا ناوە کە پەیوەندییەکی لە دەرەوەی هاوسەرگیری هەبووە. دواتر لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بۆ کارمەندان، داوای لێبوردنی لە خێزانەکەی کرد و بەڵێنی هاریکاریی تەواوی دا بۆ لێکۆڵینەوەکانی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیاکە.
دۆخەکە رۆژی چوارشەممە زیاتر ئاڵۆز بوو، کاتێک رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە گوایە هوانگ پەیوەندی لەگەڵ کیمبەرلی پاوڵ-یش هەبووە، کە جێگری سەرۆکی ئێنڤیدیایە و سەرپەرشتیی کەرتی چاودێریی تەندروستیی کۆمپانیاکە دەکات.
دواتر دەستەی کارگێڕی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سازکرد، کە بە دەستلەکارکێشانەوەی هوانگ کۆتاییهات.
بەیانی رۆژی دواتر، ئێنڤیدیا کۆلێت کرێس، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکەی وەک سەرۆکی جێبەجێکاری کاتی دیاریکرد تاوەکو جێگرەوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەبژێردرێت.
لە نێو بەربژێرە پێشبینیکراوەکاندا، لیسا سو، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەی ئێم دی (AMD) و رێنی هاس، سەرۆکی جێبەجێکاری ئارم (Arm) هەن.
لە پاش ئەو کێ دێت؟
دۆزینەوەی جێگرەوەیەک ئاسان نابێت. هوانگ تەنیا سەرۆکی جێبەجێکاری ئێنڤیدیا نەبوو؛ بەڵکو کەسایەتییە تەکنیکییە پێشەنگەکەی، داڕێژەری ستراتیژ، رووخساری گشتی و یەکێک لە دەنگە هەرە کاریگەرەکانی بواری سیاسەتی تەکنەلۆژیای جیهانی بوو.
رۆیشتنی ئەو، پرسیار لەسەر داهاتووی کۆمپانیاکە و پیشەسازیی ژیریی دەستکرد دروست دەکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە چیپە پێشکەوتووەکانی ئێنڤیدیا بەستووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، هوانگ رەنگە رووبەڕووی پرسیارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا ببێتەوە سەبارەت بە پەیوەندییە گومانلێکراوەکەی لەگەڵ ئەلیس هوانگ و ئایا هیچ زانیارییەکی هەستیاری کۆمپانیاکە دزەی کردووە بۆ چین یان نا.
دوای چەندین دەیە لە بنیاتنانی ئێنڤیدیا وەک یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی جیهان، رۆیشتنی هوانگ ئاماژەیە بۆ ئەگەری کۆتاییهاتنی سەردەمێک و داهاتووی ئەم زەبەلاحەی بواری ژیریی دەستکرد رووبەڕووی نادڵنیاییەکی گەورە دەکاتەوە.
بەهای ئێنڤیدیا
تاوەکو تشرینی دووەمی 2026، بەهای بازاڕیی کۆمپانیای ئێنڤیدیا گەیشتووەتە نزیکەی 3.93 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی 2025 بەهای کۆمپانیاکە 5 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام بەهۆی هەواڵەکانی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی کۆمپانیاکەدا پاشەکشەی کرد.
لە دوای خستنەڕووی پشکی کۆمپانیاکە لە ساڵی 1999 کە داهاتەکەی 158 ملیۆن دۆلار بوو، ئێنڤیدیا گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینی. داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2002 بڕی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند، لە 2016 گەیشتە 5 ملیار دۆلار، لە 2020 گەیشتە 10.92 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2023 گەیشتە 26.97 ملیار دۆلار.
دواتر بەهۆی شۆڕشی ژیریی دەستکردەوە، داهاتی ساڵانەی بە خێراییەکی مێژوویی لە ساڵی دارایی 2026 بەرزبووەوە بۆ 215.94 ملیار دۆلار، لەگەڵ قازانجی پوختی 120.07 ملیار دۆلار و کۆی گشتیی سامانی 206.8 ملیار دۆلار.
بەهۆی خواستی زۆری سەنتەرەکانی زانیاری لەسەر چیپەکانی هۆپەر، بلاکوێڵ و ڤێرا روبین، کۆی داهاتی 12 مانگی رابردووی ئێنڤیدیا تاوەکو تەممووزی 2026 گەیشتووەتە 302.97 ملیار دۆلار و تەنیا لە چارەکی دووەمی 2027ـدا داهاتەکەی 96.22 ملیار دۆلار بووە.



