رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا، دانیمارک، نەمسا، هۆڵەندا و یۆنان رۆژی دووشەممە رێککەوتنێکی هاوبەشیان لەگەڵ وڵاتی رواندا لە ئەفریقا راگەیاند بۆ دروستکردنی "ناوەندی گەڕاندنەوە" بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە داواکاریی مافی پەنابەرییان لە ئەورووپا رەتکراوەتەوە.
ئەم پڕۆژەیە، کە یەکەمین هەنگاوی لەم شێوەیەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا و کۆمیسیۆنی ئەورووپاش پێشوازیی لێکردووە، بڕیارە یەکەمین ناوەند لە ساڵی 2027 لە رواندا بکرێتەوە تاوەکو ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان پێنادرێت، لە ئەورووپاوە راستەوخۆ رەوانەی ئەو وڵاتە ئەفریقییە بکرێن.
ئەم پێنج وڵاتە ئەورووپییە ماوەی چەندین مانگە لە دانیشتنە نهێنییەکانیاندا لە نێوان میونشن، برۆکسل و کۆپنهاگن کار لەسەر ئەم پلانە دەکەن؛ ئامانجی سەرەکیشیان ئەوەیە بە ناردنی کۆچبەرە رەتکراوەکان بۆ ئەفریقا، ترس لە دڵی ئەو کەسانەدا دروستبکەن کە بە نیازی کۆچکردنن بۆ ئەورووپا و لە رێگەکە ساردیان بکەنەوە.
بۆ دەستپێکی پڕۆژەکە، بڕیارە سەرەتا وەک هەنگاوێکی تاقیکاری 20 کۆچبەری پیاوی پێگەیشتوو کە داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە رەوانەی رواندا بکرێن. دەسەڵاتدارانی رواندا دەڵێن ئەم شوێنانە زیندانی داخراو نابن، بەڵکو وەک "ناوەندی پێشوازیکردن" ناویان دەبەن کە تێیدا خولی فێربوونی پیشەیی بۆ کۆچبەران دەکرێتەوە و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچیش (IOM) هاوکارییان دەکات. ئەگەر پڕۆژەکەش سەرکەوتوو بێت، وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێت هەمان رێککەوتن لەگەڵ هەریەکە لە ئۆگەندا و ئۆزبەکستانیش واژۆ بکەن.
ئەم هەنگاوە تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆری لە نێوخۆی ئەورووپادا دروستکردووە و لە شاری ڤیێنا خۆپێشاندان لە دژی رێککەوتنەکە کرا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تووندی رەخنەی لەم هەنگاوە گرت و رایگەیاند، دروستکردنی کەمپ لە دەرەوەی ئەورووپا پڕۆژەیەکی "بێسوودە" و تەواو پێچەوانەی بەها و بنەماکانی یەکێتیی ئەورووپایە. هاوکات رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان دا لەوەی دەسەڵاتی رواندا تۆمارێکی خراپی لە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکیدا هەیە، بۆیە ناردنی پەنابەران بۆ ئەوێ ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.


