رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ لە پشێوی و پەککەوتنی بەرفراوان بەهۆی بڕیارێکی راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی ئەمریکاوە، رۆژی دووشەممە گەشتی ئاسمانی لەو وڵاتە بە هێواشی دەستی بە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی کرد.
بڕیاری راگرتنی گەشتەکان کە پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی دەرکرا، دووەم جار بوو لە مێژووی ئاسمانی قەرەباڵخی ئەمریکادا بڕیارێکی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی تەواوی وڵات بدرێت لە دوای هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001ـەوە؛ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هۆکارەکەی بۆ هەڵە لە نوێکردنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیدا گەڕاندەوە.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی (FlightAware) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەیانیی رۆژی دووشەممە 16-11-2026 زیاتر لە 250 گەشتی ئاسمانیی ئەمریکا (گەشتە ناوخۆییەکان و ئەوانەی بەرەو ئەمریکا یان لە ئەمریکاوە دەچنە دەرەوە) هەڵوەشێندرانەوە؛ ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە بەراورد بە رۆژی یەکشەممە کە زیاتر لە دوو هەزار و 300 گەشت هەڵوەشابوونەوە.
هەروەها رۆژی دووشەممە زیاتر لە 700 گەشتی ئاسمانی دواکەوتن، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر زیاتر لە 10 هەزار گەشت رووبەڕووی دواکەوتن ببوونەوە.
ئیدارەی ترەمپ هەوڵیدا گەشتیارە ماندووەکان دڵنیا بکاتەوە، لە کاتێکدا پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر ئەوە دروستبووە کە چۆن پشێوییەکی لەو شێوەیە لە گەورەترین ئابووریی جیهاندا روودەدات کە شانازی بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانییەوە دەکات.
بە درێژایی پشووی کۆتایی هەفتە، گەشتیارە گیرخواردووەکان لەنێو فڕۆکەخانە قەرەباڵخەکاندا دەسووڕانەوە و لەسەر زەوی دادەنیشتن، چاوەڕێی زانیاریی نوێ یان گۆڕینی تیکتەکانیان بوون.
بەرپرسان هۆکاری ئەو پەککەوتنە گەورەیەی رۆژی هەینییان بۆ کاری هەڵە لە کاتی نوێکردنەوەی کێبڵەکانی پەیوەندیی چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانیدا گەڕاندەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە کۆتایی بە بێدەنگیی چەند رۆژەی خۆی هێنا لەسەر ئەو رووداوە، بەڵام جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی بە بەرپرسیار زانی، داواشی لە کۆنگرێس کرد کە ماوەی دوو ساڵە لەژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندایە، بودجە پەسند بکات بۆ نوێکردنەوەی سیستمی کۆنی چاودێریی ئاسمانیی ئەمریکا.
ترەمپ گوتی: "ئیدارەی بایدن کارەساتێک بوو بۆ فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA). هەر شتێک دەستیان لێدا تێکیان دا؛ پارەیەکی زۆریان بە شێوەیەکی نەزانانە خەرج کرد و سیستمێکی کۆن و تێکچوویان لەوە خراپتر کرد کە دەستیان پێکردبوو."
هەرچەندە برایان بێدفۆرد، سەرۆکی فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی رۆژی شەممە رایگەیاندبوو، گەشتی ئاسمانی بۆ ملیۆنان ئەمریکیی گیرخواردوو لە فڕۆکەخانەکان تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا بەیانیی رۆژی یەکشەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، گەڕاندنەوەی فڕۆکەکان، تیمەکان و گەشتیاران بۆ شوێنی خۆیان کاتی زیاتری دەوێت.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوە داواکارییەکانی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەهۆی ئەو پشێوییەوە رەتکردەوە و پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە ژێرخانێکی زۆر کۆنی چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانیی بۆ ماوەتەوە، لەنێویاندا ئامێری رادار کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی رابردوو.
دەفی لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "کاتێک ئێمە کار دەکەین و شتەکان بە هەڵەدا دەڕۆن، بێگومان من وەزیرم، بەڵام دەبێت دان بەوەشدا بنێم کە چی رادەستی من کراوە."
ئەم رووداوە نەک تەنیا گەشتی ئاسمانیی ئەمریکای خستە نێو پشێوییەوە، بەڵکو نیگەرانیی جیدی لەبارەی کۆنبوونی ژێرخانی وڵاتەکەش دروستکرد. دەفی داوای تەرخانکردنی 50 ملیار دۆلاری کردووە بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانی و داوای لە کۆنگرێس کرد بەدەم ئەم دۆخەوە بچێت، بەڵام دیموکراتەکان خێرا وەڵامیان دایەوە و رایانگەیاند، کۆنگرێس لەژێر دەسەڵاتی کۆمارییەکانی ترەمپدا دەیتوانی پێشتر ئەو کارە بکات.



