رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی شاندی ژنانی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین کۆڕبەندی (ئافرەتانی نێودەوڵەتی «ژنانی هەزارەی سێیەم») لە رووسیا دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە دەڵێ، لە گوتاری کوردستاندا باسی گرنگیی رۆڵی ژن لە بەرگری و سیاسەتدا کرا.
کۆڕبەندەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 18-11-2026 لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستی پێکرد، تێیدا نوێنەری 50 وڵاتی جیهان بەشداری دەکەن، لە هەرێمی کوردستان شاندێک کە پێکهاتوون لە د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیبا تەها، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ د. دانەر ئەبوبەکر، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا و مامۆستا سێدا مۆسۆیان، بەرپرسی ناوەندی رەوەندی کوردستانیی ئافرەتان لە ڕووسیا بەشداری دەکەن.
د. دانەر ئەبوبەکر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشداربوونی شاندی هەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندەدا زۆر گرنگە، چونکە لە نزیکەوە جیا لە بەشداربوون، دیداری تایبەتیان لەگەڵ شاندی ژنان و بەرپرسانی وڵاتانی بەشداربوو دەبێت".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا گوتی: "وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بایەخی تایبەتی داوە بە شاندی هەرێمی کوردستان و خۆی هاوئاهەنگی بۆ هاتنیان کردووە و ڤیزەی بۆ دابینکردوون، ئەوەش یەکەم جارە شاندێکی ژنان بەفەرمی لە هەرێمی کوردستانەوە بێنە رووسیا".
شاندی هەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان کردووە، د. دانەر ئەبوبەکر ئاماژەی بەوە کرد: "شاندی وڵاتان بەخێرهاتنی شاندی کوردستانیان کردووە و شاندی هەرێمی کوردستان گوتاری تایبەتی هەبوو، هەروەها سبەی دیداری تایبەت لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا بۆ شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی وڵاتان رێکدەخرێت".
شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا پێشانگەیەکی وێنەکێشانی بۆ تابلۆکانی نیگارکێشی لاوی کوردانی سۆڤیەت، نۆریک مۆسۆیان کردەوە، هەروەها گوتاری هەرێمی کوردستان لەلایەن د. خانزاد ئەحمەدەوە پێشکەش کرا و باسی لە رۆڵی گرنگی ژنانی کورد لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بەرگری، سیاسی و ئابووری لە کۆمەڵگەی کوردیدا کرد.



