رووداو دیجیتاڵ
ئێران رۆژی چوارشەممە ئەو تۆمەتانەی مەسەدۆنیای باکووری بە "بەتەواوی بێبنەما" رەتکردەوە، کە گوایە پیلانێکی تیرۆرکردنیان پووچەڵ کردووەتەوە کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی کراوە و کەسێکی لە یۆنان کردووەتە ئامانج.
باڵیۆزخانەی ئێران لە یۆنان رایگەیاند، ئەو "تۆمەتە بێبنەمایانە" بەشێکن لە "هەڵمەتێکی سواوی رژێمی ئیسرائیل و دەزگاکانی پڕوپاگەندە و جەنگی دەروونیی ئەو رژێمە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی ئێران."
ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی مەسەدۆنیای باکوور رۆژی سێشەممە بڵاویکردبووەوە، بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی یۆنان، پیلانێکیان پووچەڵ کردووەتەوە و تۆڕێکی پەیوەست بە ئێرانیان هەڵوەشاندووەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، چوار تۆمەتبار لە مەسەدۆنیای باکوور دەستگیرکراون و یەکێکی دیکەش خراوەتە ژێر مانەوەی زۆرەملێ لە ماڵەوە، هەروەها گومانلێکراوێکی دیکەش لە یۆنان دەستگیرکراوە و رادەستی دەسەڵاتدارانی مەسەدۆنیای باکوور کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەشێک لە میدیاکانی یۆنان، لەوانە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی (ERT) و رۆژنامەی کاسیمێرینی، ئامانجی پیلانەکە بەڕێوەبەرێکی لەدایکبووی ئیسرائیلی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بووە کە بنکەکەی لە یۆنانە. بەڵام کۆنستانتیا دیمۆگلیدۆ، گوتەبێژی پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و گوتی: "نازانین ئامانجەکە کێ بووە و روون نییە ئایا پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی کەسێکی دیاریکراوەوە هەبووە لە وڵاتەکەمان یان کردەوەیەکی دیکەی تیرۆریستی، ئەمە لە رەوتی لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت."
ئاژانسی ئاسایشی مەسەدۆنیای باکوور ئاماژەی بەوە کردووە، ئەندامانی تۆڕەکە بە رێنمایی راستەوخۆی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی ئیدریس جەهانگیری ماڤانە کە هاوکاری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێرانە، ئامادەکاریی لۆجستییان کردووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەکە لە یۆنان و لە کاتی پشکنینی چوار شوێندا چەک و نەخشەی دیاریکردنی شوێنەکان دەستیان بەسەردا گیراوە.
بۆیان هریستۆڤسکی، سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی مەسەدۆنیای باکوور گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک نییە لەسەر بوونی پیلانی هێرشکردن لە نێو خودی وڵاتەکەیان.
ناوە ناوە وڵاتانی ئەورووپا ئێران بە هەوڵدان بۆ کوشتنی نەیارەکانیان و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکانیان تۆمەتبار دەکەن، تارانیش ئەو تۆمەتانەی رەتکردوونەتەوە.



