رووداو دیجیتال
بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی منداڵپارێزان کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2025ـدا ژمارەیەکی پێوانەیی منداڵان لە جیهاندا لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا ژیاون، هاوکات پێشێلکارییەکانی وەک رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان، رفاندن و تووندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
لە نوێترین راپۆرتی زنجیرەیی (جەنگ دژی منداڵان رابگرن)، رێکخراوە مرۆییەکە ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2025ـدا 589 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لە ناوچەکانی شەڕدا ژیاون. ئەمەش بەرزترین ئامارە لەوەتەی تۆمارکردنی داتاکان لە ساڵی 1990ـەوە دەستی پێکردووە و زیاتر لە دوو هێندەی کۆی گشتیی نێوەڕاستی نەوەدەکانی سەتەی رابردووە.
فلۆریان وێستڤاڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی منداڵپارێزانی ئەڵمانیا گوتی: "بۆ ملیۆنان منداڵ، ترس، تووندوتیژی و ئاوارەبوون بوونەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئەم ئامارانە ببنە "زەنگێکی بەئاگاهێنانەوە" بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
منداڵانی ناوچەکانی شەڕ لە کوێ دەژین؟
راپۆرتەکە دەریخستووە کە لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی دوو لە هەر پێنج منداڵێک لە هەردوو کیشوەری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ناوچەکانی شەڕدا ژیاون؛ تەنیا کیشوەری ئەفریقا 44%ـی کۆی گشتیی ئەو منداڵانەی جیهانی لەخۆگرتووە کە لە ناوچەکانی شەڕدا دەژین و رێژەی منداڵانی بەرکەوتووی شەڕ لەو کیشوەرەدا لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە (لە 12%ـەوە لە ساڵی 2010 بۆ 39% لە ساڵی 2025).
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، 40.2%ـی منداڵان لە ساڵی 2025ـدا لە ناوچەکانی شەڕدا ژیاون. ژمارەی منداڵانی کاریگەربوو بە شەڕ و جەنگ لە ناوچەکەدا بە رێژەی نزیکەی 29% زیادیکردووە؛ بە جۆرێک لە 52 ملیۆن منداڵەوە لە ساڵی 2024 بۆ 67 ملیۆن منداڵ بەرزبووەتەوە.
زیادبوونی پێشێلکارییە مەترسیدارەکان دژی منداڵان
راپۆرتەکە ئاماژەی بە زیادبوونی بەرچاوی رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە منداڵان کردووە؛ بە جۆرێک لە ساڵی 2025ـدا هەشت هەزار و 322 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی رێگریکردن لە هاوکاریی مرۆیی تۆمارکراون، کە 16 هێندە زیادی کردووە بەراورد بە دەیەی رابردوو (لە ساڵی 2015 تەنیا 509 حاڵەت و لە ساڵی 2005 تەنیا هەشت حاڵەت تۆمارکرابوون).
فەلەستین زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی تێدا تۆمارکراوە بە پێنج هەزار و 946 رووداو، کە دەکاتە زیاتر لە 70%ـی هەموو حاڵەتە تۆمارکراوەکانی جیهان. بەمەش رێگریکردن لە هاوکارییە مرۆییەکان بووەتە دووەم باوترین پێشێلکاری دوای کوشتن و کەمئەندامکردنی منداڵان.
چڕبوونەوەی پێشێلکارییەکان و ئامارەکانی ساڵی 2025
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی 38 هەزار و 967 پێشێلکاریی مەترسیداری دژی منداڵان لە ساڵی 2025ـدا پشتڕاست کردووەتەوە، کە دووەم بەرزترین ئاماری ساڵانەیە دوای ئامارە پێوانەییەکەی ساڵی 2024 (41,763 پێشێلکاری).
زیاتر لە نیوەی ئەم پێشێلکارییانە تەنیا لە سێ ناوچەدا روویانداوە: فەلەستین، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و نەیجیریا. تەنیا فەلەستین 12 هەزار و 449 پێشێلکاریی پشتڕاستکراوەی تێدا تۆمارکراوە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو حاڵەتەکانی جیهانە.
دیارترین ئامارەکانی پێشێلکارییەکانی ساڵی 2025 ئەمانەن:
بە گوێرەی راپۆرتەکە، 14 هەزار و 224 منداڵ کوژراون یان کەمئەندام بوون؛ پێنج هەزار و کوژران یان کەمئەندامبوونی 14,224 منداڵ لە شەڕ و جەنگەکاندا.
تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە رفاندنی منداڵان کە گەیشتووەتە 5,128 حاڵەت.
تۆمارکردنی 1,787 حاڵەتی تووندوتیژیی سێکسی (بە رێژەی 71% لە ماوەی دەیەی رابردوودا زیادی کردووە و 86%ـی حاڵەتەکان لە ناوچەکانی شەڕی ئەفریقا، بەتایبەت کۆنگۆ و سوودان بوون).
زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک، کە گەیشتووەتە 2,930 حاڵەت؛ خاکەکانی فەلەستین بە 837 هێرش و ئۆکراینا بە 643 هێرش زیاتر لە نیوەی هێرشەکانی جیهانیان تێدا تۆمارکراوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا رێکخراوی منداڵپارێزان جەختی کردووەتەوە: "منداڵان مافی ئەوەیان هەیە دوور لە تووندوتیژی بژین. گۆڕینی ئەم دۆخە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە کە سەلامەتیی منداڵان بخاتە پێشینەی کارەکانەوە، لەگەڵ پابەندبوونێکی بەردەوام بۆ راگرتنی جەنگ دژی منداڵان."



