رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکەکانی ئەمریکا، رووسیا و چین کۆبوونەوە سێقۆڵییە مێژووییەکەیان بە دەرکردنی راگەیێندراوێک لەبارەی مەترسییە ئەتۆمییەکان و ئاسایشی وزە کۆتایی پێهێنا، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسییان نەکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە ڤێلای (کایلین) لە شاری شینژینی چین کۆبوونەوە و لە کۆتایی لووتکەکەدا راگەیێندراوێکی کورتیان بە ناونیشانی "راگەیێندراوێک بەرەو ئاشتی" بڵاوکردەوە.
راگەیێندراوەکە باسی چوار خاڵی گشتی دەکات، بەڵام هیچ بڕیارێکی دیاریکراوی بۆ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، خشتەی کاتی بۆ دانوستاندنەکان یان هیچ پێشنیازێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی ئۆکراینا و ئێران تێدا نییە.
هەر سێ سەرۆکەکە، کە نوێنەرایەتیی سێ لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، پشتگیرییان لە چاکسازیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی پاڵاوتەکراو، رێزگرتن لە پارێزبەندیی بەرپرسانی دەوڵەتان و ئەو بنەمایە کرد کە "لە جەنگی ئەتۆمیدا کەس براوە نابێت و هەرگیز نابێت هەڵبگیرسێت."
بەگوێرەی ئەکسیۆس، سەرەڕای ئەوەی ئامانجی راگەیێندراوی ترەمپ لەم کۆبوونەوەیەدا چەکداماڵینی ئەتۆمی بوو و پێشتریش گوتبووی پووتین "دەیەوێت کۆتایی ئەو جەنگە ببینێت"، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا رانەگەیێندراوە.
لە راگەیێندراوێکی کورتدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، هاتووە کە هەر سێ سەرۆکەکە "بۆچوونەکانیان لەسەر دۆخی ئێستای نێودەوڵەتی گۆڕیوەتەوە و پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی سەقامگیریی ستراتیجی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپات کردووەتەوە."
لەکاتێکدا لووتکەکە بێ ئەنجامێکی کردەیی لەسەر ئۆکراینا کۆتاییهات، چاوەکان لەسەر بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیان، کە تێیدا ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردەکانی ترەمپ، لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا و ئەورووپا لە کۆبوونەوەدان.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە پێشوازییە جیاوازەکەی سەرۆکی چین لە فڕۆکەخانە و ئەو "رێوڕەسم و شکۆیە"، گوتی: "ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ چین هەمە زۆر نایابە؛ دەزانن، پەیوەندییەکی دۆستانەیە و پەیوەندییەکی لەسەر بنەمای رێزە."
ئەم لووتکە سێقۆڵییە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپێک) لە شاری شینژینی چین بەڕێوەچوو، کە ترەمپ پێشتر بەڵێنی دابوو تێیدا لەگەڵ سەرۆکانی چین و رووسیا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەکداماڵینی ئەتۆمی و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ جەنگەکانی ئۆکراینا و ئێران؛ ئەمەش لەکاتێکدایە ململانێی سەربازیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە هەڵگیرساوە.



