رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا نزیکەی نۆ مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێدەپەڕێ، میدیای ئەمریکی دەڵێ واشنتن و تەلئەڤیڤ تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەن.
بەپێی سی بی ئێس نیووزی ئەمریکی، حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانە لە خێرایی بنیاتنانەوەى تواناکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیی ئێران و هەوڵەکانی تاران بۆ گواستنەوەی ژێرخانە سەربازی و ئەتۆمییەکەی بۆ ژێر زەوی بە مەبەستی پاراستنیان لە هێرشەکان. هاوکات، ئێران هێشتا زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60% لە ژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردوومانکراوەکانیدا ماوە.
کۆبوونەوەی مۆساد، پێنتاگۆن و هێزی سەربازیی ئەمریکا
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەم، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل و رۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی مۆساد کۆبووەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گۆفمان هەفتەی رابردوو لە واشنتن لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی کۆبووەوە.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بوونی دەیان هەزار سەرباز، کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دەیان کەشتیی جەنگی و فڕۆکە لە ناوچەکەدا، واشنتن دەتوانێت لە دوو بۆ چوار رۆژدا هێرشێکی نوێ دەستپێبکات ئەگەر ترەمپ فەرمان بدات.
لە رووی مەیدانیشەوە، گرژییەکان بەردەوامن. سێشەممەی رابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوورگەی ستراتیژیی قیشم لە تەنگەی هورمز وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت.
لێدوانەکانی ترەمپ و گوشارە سیاسییەکان
هەرچەندە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو خوازیاری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نوێیە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دوودڵییەک لای ترەمپ دەبینرێ. دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە چین و بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکانی رووسیا و چین، بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند کە رەنگە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی کیمیایی یان بایۆلۆجی بدات و گوتی: "بەم زووانە کۆتایی بەم شەڕە دەهێنێت"، بەڵام رۆژی پێنجشەممە بە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی گوت کە "پەلە ناکات لە دەرکردنی هیچ بڕیارێک" و دۆخەکە دوای سەری ساڵی نوێ هەڵدەسەنگێنێتەوە.
دەکرێ نەتەنیاهوو لە چەند هەفتەی داهاتوودا پۆستەکەی لەدەست بدات و رکابەرەکانی تۆمەتباری دەکەن بەوەی دەیەوێ لە رێگەی شەڕەوە لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
لە ئەمریکاش، کۆمارییەکان هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیان دۆڕاند و لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران لەدەست دەدەن، ئەمەش دەسەڵاتی دارایی جەنگەکە دەخاتە دەست دیموکراتەکان.
مەرجەکانی تاران
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە تۆمەتەکانی ترەمپی رەتکردنەوە و ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتەکە، لێدوانەکانی بە سیناریۆی 2003ـی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی عێراق بە بیانووی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ چوواند.
چەندین مانگ لە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران نەیتوانیوە بگاتە ئاگربەست بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
ئێران کۆمەڵێک مەرجی هەیە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێشدا، بەرپرسانی باڵای ئێران و سوپای پاسداران هۆشدارییان داوە کە وەڵامەکانیان زۆر فراوانتر دەبێت و نەوەک تەنیا ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو، بەڵکو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکە، ژێرخانی وزەی کەنداو و کێبڵەکانی ئینتەرنێتی ژێر دەریاش دەکەنە ئامانج.



