رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە رۆژانە تێکڕا سێ منداڵ لە ئۆکراینا کوژراون یان بریندار بوون کە بەرزترین ئاماری قوربانییانە لە زیاتر لە سێ ساڵی رابردوودا.
ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026، ئاژانسی تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) بڵاویکردەوە، لە مانگەکانی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، لانیکەم 114 منداڵ کوژراون و هەزار و 30 منداڵی دیکەش بریندار بوون؛ بەمەش کۆی گشتی کوژراو و برینداران دەگاتە سەروو هەزار و 144 منداڵ.
لویز واتەریج، گوتەبێژی یونیسێف لە شاری کیێڤی ئۆکرایناوە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەمە مانای ئەوەیە رۆژانە تێکڕا زیاتر لە سێ منداڵ کوژراون یان بریندار بوون."
ئەم ژمارەیە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەلایەن تیمێکی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ئۆکراینا پشتڕاستکراونەتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەری هەیە ئامارە راستەقینەکە لەوە زیاتر بێ.
بە گوێرەی یونیسێف، تەنیا مانگی رابردوو لانیکەم 146 منداڵ لە سەرانسەری ئۆکراینا کوژراون یان بریندار بوون کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 150٪ زیادیکردووە و رێکخراوەکە بە "هەڵکشانێکی جێگەی نیگەرانی" ناویبردووە.
ئاژانسەکە هۆشداری دەدات و دەڵێ: "هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بەردەوام ژیانی منداڵ و خێزانەکان لەنێو ماڵ، قوتابخانە و کۆمەڵگەکانیان دەخەنە مەترسییەوە، تەنانەت لەو ناوچانەش کە زۆر لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەوە دوورن."
بەپێی راپۆرتەکەی یونیسێف، هێرشە کوشندەکان لەم مانگەشدا بەردەوام بوون، لەوانەش هێرشەکەی 2ـی تشرینی دووەم بۆ سەر قوتابخانەیەک لە هەرێمی زاپۆریژیا کە هاوکاریی مرۆیی تێدا دابەش دەکرا و بووە هۆی کوژرانی 72 کەس.
گوتەبێژی یونیسێف باسی لەوە کرد هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی کارەبا، ئاو و گەرمکەرەوە بەردەوامن، ئەمەش ژیانی منداڵ و خێزانەکان قورستر دەکەن.
لە نزیکەی پێنج ساڵی جەنگەکەدا، رووسیا بە چڕی تۆڕی وزەی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج. واتەریج لەو بارەیەوە گوتی: "زستانی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ بەبێ گەرمکەرەوە، کارەبا و ئاو مانەوە، لە کاتێکدا پلەی گەرما بۆ ژێر 20 پلەی سیلیزیی ژێر سفر دابەزیبوو."



