رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی میسر رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەم لە ئەنجامی وەرگەڕان و گڕگرتنی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە ناوچەی وەراقی سەر بە پارێزگای جیزە، لانیکەم 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و میدیا نێوخۆییەکانی میسر، ئاگرەکە گەورە بووە و بۆ چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکەی نزیک رووداوەکە تەشەنەی سەندووە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە 23 ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک شوێنی رووداوەکە بەشدار بوون.
خالید عەبدولغەفار، وەزیری تەندروستیی میسر بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستیی بریندارەکان دەکات و فەرمانی بە نەخۆشخانەکانی نزیک رووداوەکە کردووە ئاستی ئامادەباییان بەرزبکەنەوە.
پێشتر میدیای وڵاتەکە رایگەیاندبوو، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پۆلیسی هاتووچۆ رێگەکەی داخستووە و رێڕەوی جێگرەوەی بۆ شۆفێران دیاریکردووە.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر هۆکاری سەرەکیی وەرگەڕانی تانکەرەکە و کەوتنەوەی ئاگرەکەیان رانەگەیاندووە.



