رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی دژی ئێران کە پێی ناوەتە مانگی نۆیەمەوە، "هەر کاتێک خۆی بیەوێت" کۆتایی پێدێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ ئێستا لە جەنگی ئێران بەشدارن.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتێکدا گوشارە نێوخۆییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە زیاد دەکەن، ترەمپ لە هاوینەهەواری مارالاگۆوە پەیامێکی بۆ سەربازانی وڵاتەکەی نارد و گوتی، "ئێوە لەو ئەرکەتان بەردەوام دەبن و سەرکەوتن لەبەردەستماندایە. بە راشکاوی بیڵێم، هەر کاتێک خۆم بمەوێت جەنگەکە کۆتایی دێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵدەدەن "نەرم بن" و هەموو دەرفەتێک دەدەنە تاران بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات و ژیانی خەڵک بپارێزێت، بەڵام گومانی هەیە لەوەی ئێرانییەکان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و گوتی، "هەندێک پرسیار دەکەن بۆچی وا دەکەن؟ ئایا ئەوان شێتن؟ رەنگە شێت بن."
بەشداریی ناتۆ و هەڕەشەی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان
سەرۆکی ئەمریکا چەند زانیارییەکی نوێی سەبارەت بە دۆخی مەیدانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "وەک دەزانن ئێستا ناتۆش لەگەڵ ئێمە بەشدارە؛ ئەوان لە راستیدا لە چەندین بەشی جیاوازی ئێراندان و زۆر نایاب بوون."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان بەهێزتر دەبن و کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری دیکەیان رەوانەی ناوچەکە کردووە. ترەمپ هەڕەشەی لێدانی چیای قوڵنگی کرد و گوتی، "دەتوانین ئەوەیان پێبڵێین چونکە هیچیان پێناکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ چالاکییەکی راستەقینەمان لەوێ نەبینیوە."
ترەمپ جارێکی دیکە گرنگیی پێدانی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن رووسیا و چینەوە بە ئێران کەمکردەوە و رایگەیاند، تێوەگلانی راستەقینە لای ئەو بە واتای "شەڕکردن" دێت نەک پێدانی کەمێک زانیاری، و دووپاتی کردەوە کە هەردوو وڵات دەیانەوێت ململانێکانی ئێران کۆتایی پێبێت.



