رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ، پاڵپشتیی کەسانی نزیک لە ئێران بۆ هەنگاوەکانی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، هەژموونی تاران لە عێراق فراوانتر دەکات و زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیێنێت.
ئەمڕۆ هەینی 27-11-2026، نادین ماینزا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "رەیان کلدانی کە لە لایەن ئەمریکاوە سزا دراوە، پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ پاوانکردنی دەسەڵات."
نادین ماینزا نووسیویەتی: "لیوای بابلیونی سەر بە رەیان کلدانی کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، پێشینەی پێشێلکاریی بەرامبەر کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا هەیە."
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا هۆشداریش دەدات و دەڵێ: "لاوازکردنی خۆبەڕێوەبەریی کورد، هەژموونی زیاتر بە ئێران دەبەخشێت لە عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش پەکدەخات."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی ناوەندیی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان، گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری گەیاندووەتە قۆناخێکی هەستیار و کاردانەوەی بەرفراوانی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی رۆژئاوای لێکەوتووەتەوە.



