رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیاند بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، وەستاندنی قاچاخچێتیی نەوت، بنبڕکردنی گەندەڵی و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا.
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا نووسیویەتی: "پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری عێراقدا، وەستاندنی قاچاخچێتیی نەوتی عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و هێشتنەوەی هەموو چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی رەهای دەوڵەتدا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی بەغدا کردووەتەوە و دەڵێت: "پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی دەکەین بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، گەشەسەندوو و بەهێز کە خۆی بڕیاری سیاسیی خۆی بدات."
رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک رێنمایی دەرکرد و وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و پێنج دەروازە سنوورییەکەی هەرێمی کوردستان (سێ دەروازە لەگەڵ ئێران و یەک دەروازە لەگەڵ سووریا و یەک دەروازەش لەگەڵ تورکیا) بگرنەدەست؛ هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا بەڕێوەببات، لەنێویاندا کێڵگەی خورمەڵە.
ئەم بڕیارانە دوای لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و هەڵمەتێکی فراوانتری زەیدی دێن دژی تۆڕە نایاساییەکان و جووڵەی هێزە فیدراڵەکانی عێراق بەرەو جورف سەخر، پێگەی سەرەکیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بڕیارەکانی زەیدییان کرد بۆ خستنەژێر کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە. هەردوو حیزبەکە هەنگاوەکانیان بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و بەزاندنی "هێڵی سوور" وەسفکرد و جەختیان لە "گفتوگۆ" کردەوە لەبری "بڕیاری تاکلایەنە."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هەزاران کەس لە هەولێردا دژی بڕیارەکانی بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و ئەو هەنگاوانەیان بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان ناوبرد.
هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، نزار ئامێدی سەرۆککۆمار، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری) رێککەوتوون رۆژی سێشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەیەکی گفتوگۆی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە ئەنجامبدەن.
دەقی پەیامەکەی ترەمپ:
"پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری عێراقدا، وەستاندنی قاچاخچێتیی نەوتی عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و هێشتنەوەی هەموو چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی رەهای دەوڵەتدا.
پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی دەکەین بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، گەشەسەندوو و بەهێز کە خۆی بڕیاری سیاسیی خۆی بدات."


